شارپرێس:
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، بومەلەرزەیەک بەگوڕێکی مامناوەند ناوچەی گەرمیانو گەرمەسێری هەژاند، ئەمەش سێ ڕۆژ دوای ئەوەدێت، شارەزایەکی بواری بومەلەرزە هۆشداریی لەڕودانی جۆرە چالاکییەکی لەو شێوەیە دابوو.
پشتیوان ئیبراهیم شارەزا لەکەشوهەواو بومەلەرزە ئاشكرایكردوه، کاتژمێر (10:15)خولهكى بەیانی ئەمڕۆ 29ی ئابی 2026، بومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.5 پلە بەپێوەری ڕێختەر ناوچەکەی هەژاندوە.
وهكو پشتیوان ئاماژهى پێكردوه، بەگوێرەی زانیارییەکان، چەقی بومەلەرزەکە گوندی (جەبارە) بوە لەنێوان کفریو قەرەتەپەو لەقوڵایی 15 کیلۆمەتر لەژێر زەویدا ڕویداوە.
ئەو بومەلەرزەیەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە، هەمان شارەزا لەڕۆژی 26ی ئەم مانگەدا هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردبوەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەکردبوو، "بەهۆی کۆبونەوەی وزەو پەستان لەناوچەکەدا، ئەگەری ڕودانی بومەلەرزەیەک بەگوڕی (3 بۆ 5) پلە لەماوەی هەفتەیەک بۆ 10 ڕۆژدا هەیە".
ئەم ڕوداوەی ئەمڕۆ سەلمێنەری ڕاستی ئەو پێشبینییە زانستییە بوو کە بۆ ناوچەی گەرمیانو گەرمەسێر کرابوو کە تێیدا بومەلەرزەکە بەگوڕی 4.5 پلە (واتە لە چوارچێوەی ئەو پلەیەی دیاریکرابوو) ڕویدا، لهساتى بومهلهرزهكهى ئهمڕۆشدا دانیشتوانی ناوچەکە بەڕونی هەستیان بەلەرینهوهكه کردوە.
