شارپرێس:
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران لە قۆناغێكی وەرچەرخانی یەكلاكەرەوەدایە و سیستمی حوكمڕانی لە ئێران لە قەیرانێكی قوڵ و بێچارەسەردا دەژی كە ناتوانێت خۆی لە لێكەوتەكانی دەرباز بكات.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوەكەیدا ڕونیكردەوە، حكومەتی ئێران جگە لە شەڕ ڕوبەڕوی سزا و گەمارۆی قورسی ئابوریی و گوشاری فرەچەشن بووە كە بەرەو لێواری داڕمان یان لەدەستدانی كۆنتڕۆڵی دەبات.
دەشڵێت "لەبەرانبەر ئەم دۆخە و گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوانەشدا، جەخت لەسەر پێویستیی ئامادەكاریی هەمەلایەنەی مەیدانی، سیاسی و دیپلۆماسی دەكەین و پێمانوایە بزووتنەوەی دیموكراتیك و ڕزگاریخوازی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات نابێت لەم قۆناغەدا تەنها ڕۆڵی چاودێری هەبێت، بەڵكو پێویستە بە پلانی تۆكمە و ستراتیژییەكی ڕوونەوە ئامادەی هەر پەرەسەندنێك بێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، پێداگری لەوەش دەكەین سەركەوتنی بزووتنەوەی كورد بەستراوە بە هاوسەنگییەكی دروست لەنێوان ڕەهەندە نەتەوەییەكان، كە بریتییە لە پاراستنی مافە ڕەواكان و بە دەستەبەركردنی شوناسی نەتەوەیی و مافی بڕیاردان لە چارەنووس و ئیرادەی نەتەوەیی كورد لە ئێرانی داهاتوو لەگەڵ ئازادییەكانی ژنان، پرسی دیموكراسی، داخوازییە مەدەنییەكان و بەها پیشكەوتووەكانی كۆمەڵگە.
هەروەها داوا دەكات، لەم پێناوەشدا، پێویستە لە بواری سەربازی، ئەمنی، ڕێكخستنی و دیپلۆماسییەوە هەنگاوی هاوبەش بنرێت و هەوڵەكانی هاوپەیمانی خێرا ببنەوە و دیالۆگ و لۆبیكردن لەگەڵ ناوەندە بڕیاربەدەستە نێونەتەوەییەكان و هێزەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی دیموكراسیخواز لە ئێران بەڕێوە بچێت.
