شارپرێس:
پەڕەی فەرمی لاهور شێخ
جەنگی پەیامێکی لەبارەی تێپەڕبونی یەک ساڵ بەسەر ڕوداوەکانی لالەزار بڵاوکردوەو بەشێکی
دادوەران بە جێبەجێکردنی فەرمانی حزبی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت،" مێژوو
ڕەحمتان پێ ناکات بەرامبەر ئەو خیانەتەی کە لەپیشەی خۆتان دەیکەن ".
پەڕەی فەرمی لاهور شێخ
جەنگی، سەرۆکی زیندانیکراوی رەوتی بەرەی گەل لەفەیسبوک ڕاگەیەنراوێکی
بڵاوکردوەتەوەو ئاماژەی بەوەکردوە،" ساڵێك بەسەر ئەو هێرشە نامەردانەیەدا تێدەپەڕێت
کە بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە کرایە سەر ماڵەکەم و بووە هۆی رژانی خوێنی چەندین لاوی
کورد، گلەی لەوانە ناکەم کە هێرشەكەیان کرد، چونكە دەمێکە ویژدان و کەرامەتی خۆیان
بەرامبەر گەل و نیشتیمان دۆڕاندووە، بۆیە چاوەڕێی ئەو هێرشە ترسنۆکانەیەم لێدەكردن
".
ئەوەشیخستەڕوو،" گلەییم
لەو دادوەرانە هەیە کە رێگەیان خۆشکرد بۆ سەرۆکی حزب و هێزی لە یاسادەرچوو كە بتوانن
بەناوی دادگاوە بە تانک و درۆن و زرێپۆش ئەو جینۆسایدە ئەنجامبدەن ".
پەڕەی فەرمی لاهور شێخ
جەنگی باسی لەوەشکرد،" هێرش و جینۆسایدەکەتان بەرامبەر کەسێک بوو کە هەرگیز لە
یاسا راینەکردووە و بەرگریكاری سەروەری یاسا بووە ".
لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش
هاتوە،" بەداخەوە دادوەرەکان بەمەیشەوە نەوەستان، دوای ساڵێک مانەوەمان لە زیندان
بەردەوام بوون لە جێبەجێکردنی فەرمانی حزب و رێگرییان کرد لەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە
دادگایی بکرێین ".
لاهور شێخ جەنگی
راشیدەگەیەنێت،" لێرە بەدواوە دادوەرەکان بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانم بەرامبەر
خوێنی بەناحەق ڕژاوی ئەو گەنجانە، وەبیریان دەهێنمەوە کە ئەوان سوێندی یاساییان خواردوە
كە پارێزەری سەروەری یاسا بن و دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات بەیەک چاو سەیربکەن، بەڵام
بەداخەوە وادیارە نایانەوێ بە سوێندخواردنەکەی خۆیانەوە پابەندبن، ئەگەر وابكەن ئەوە
لە پێناو پۆست و پارە ویژدانی خۆیان فرۆشتوە، بەڵام دڵنیابن مێژوو ڕەحمتان پێ ناکات
بەرامبەر ئەو خیانەتەی کە لەپیشەی خۆتان دەیکەن ".
