شارپرێس:
سەرچاوەیەكی حكومی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشكرایكرد، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، كشانەوە یان دەستلەكاركێشانەوەی هەر وەزیرێكیان لە كابینەكەی عەلی زەیدی لەم كاتەدا ڕەتكردۆتەوە، تەنانەت ئەگەر سەرۆك وەزیران ڕەخنەی هەبێت لەسەر ئەدای وەزیرێكیش.
ئەو سەرچاوەیە ڕونیكردەوە كە "ئەو زانیاریانەی لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی یەكێك لە وەزیرەكانی كابینەكەی عەلی زەیدی بڵاودەبێتەوە نادروستن"، دەشڵێت "سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەرۆك وەزیرانیان هۆشیاركردووەتەوە لە لادان یان قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەی هەر وەزیرێك تا ئەوكاتەی كابینەكەی تەواو دەبێت".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، "هەر كشانەوەیەك یان لەكارلابردنی وەزیرێك لەم كاتەدا دەبێتە هۆی لاوازكردنی حكومەتەكەی زەیدی، لەكاتێكدا شیعەكان ئارەزووی پاڵپشتیكردن و بەهێزكردنی حكومەت دەكەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە".
بەوتەی سەرچاوەكە "سەرۆكی حكومەت، دوای زیاتر لە 100 ڕۆژ لەپێكهێنانی كابینەكەی، تێبینی لەسەر چەند وەزیرێك هەیە. بەڵام هێزەكانی چوارچێوەكە لەكارلادان یان گۆڕینی هەر وەزیرێكیان ڕەتكردۆتەوە پێش ئەوەی كابینەكە تەواو بێت".