ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی بەنزین بۆ وەزارەت‌و فەرمانگەکان ڕادەگرێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی سەبارەت بەدابینکردنی سوتەمەنی دەرکردو به‌گوێره‌ى بڕیارەکە، بەرزکردنەوەی هەر جۆرە داواکارییەک بۆ دابینکردنی بەنزین لەلایەن وەزارەت‌و فەرمانگەکانەوە ڕاگیرا.


به‌گوێره‌ى نوسراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژە بەوەكراوە، بەهۆی کەمیی بەرهەمهێنانی بەنزین‌و بونی کورتهێنان، وەزارەتەکە ناتوانێت پێداویستیی فەرمانگە حکوومییەکان دابینبکات.

لەنوسراوەکەدا هاتوە، "داواکارین گشتاندنێک بۆ سەرجەم وەزارەت‌و دامودەزگاکان بکرێت تا چیتر داواکاریی بۆ دابینکردنی بەنزین بەرزنەکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت سوتەمەنی پێویست بۆ بەکارهێنانی هاوڵاتییان لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆیەکان دابین بکرێت".

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەنوسراوێکی فەرمیدا کە لەڕۆژى 12ى 8ى 2026 دەرچوە، جەختی لەجێبەجێکردنی داواکارییەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردوەتەوە.

دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش سەرجەم وەزارەت‌و دەستەو فەرمانگەکانی ئاگادارکردوەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک داواکاری بۆ وەرگرتنی بەنزین بەرزنەکەنەوەو کار بەڕێنماییە نوێیەکە بکەن.

وه‌كو وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان ئاماژه‌ى پێكردوه‌، ئەم بڕیارەی حکومەت لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی‌و دابینکردنی زۆرترین بڕی بەنزینە بۆ هاوڵاتییان، بەتایبەت کە ئێستا حکومەت جەخت لەدابینکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری بۆ شۆفێران دەکاتەوەو دەیەوێت ڕێگریی لەدروستبونی تەنگژەی سوتەمەنی بگرێت.