واشنتۆن هەڕەشەی بڕینی "شا ڕەگەکانی ئێران" دەکات‌و فشارە ناوخۆییەکانیش مەرجەعی باڵا دەهێننە دەنگ

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2306 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاستی گرژییەکانی نێوان تاران‌و واشنتۆن ڕوی لەهەڵکشان کردوە؛ لەکاتێکدا ئێران جەخت لەپاراستنی پێگەی ئەمنی‌و دانوستانکاریی خۆی دەکاتەوەو ملدان بۆ فشارە ئابورییەکان ڕەتدەکاتەوە، ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکاش بەردەوامیی خۆی لەبەئامانجگرتنی سەرچاوەکانی داهات‌و تۆڕەکانی قاچاخچێتی نەوتی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.


عێراقچی: بەرامبەر ئاسایشی نیشتمانی لێبوردە نابین
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەهەمان ئەو هێزەی لەکاتی جەنگدا هەیبوو، بەرگریی لەبەرژەوەندییەکانی گەلەکەی لەدانوستان‌و کایەی دیپلۆماسیدا دەکات.

جەختیشیکردەوە، تاران بەرامبەر پرسی ئاسایش لێبوردە نابێت لەگەڵ هیچ لایەنێک.

عێراقچی واشنتۆنی تۆمەتبارکرد بەپێشێلکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن‌و وتیشی، "تاران بۆ دیاریکردنی سیاسەتەکانی پشت بەئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نابەستێت، بەڵکو تەنها پشت بەتواناو ئیرادەی گەلەکەی دەبەستێت".

موجتەبا خامنەیی داوای یەکڕیزیی دەکات
لەناوخۆی ئێراندا، موجتەبا خامنەیی مەرجەعی باڵای ئێران، داوای پاراستنی تەبایی کۆمەڵایەتی کرد‌و جەختیکردەوە، هەر کارێک زیان بەیەکڕیزیی ناوخۆ بگەیەنێت قەدەغەیە.

ڕێبه‌رى باڵاى ئێران هۆشداریدا لەبڵاوکردنەوەی وتاری بێئومێدکەرو داوای لەبەرپرسان کرد خۆیان لەدوفاقی‌و ململانێی وەهمی بەدوربگرن، وەک دانانی جەنگ لەبەرامبەر دانوستاندا، ئەوەش لەکاتێکدایە وڵاتەکە لەژێر فشارێکی توندی ئابوریی‌و ئەمنیدایە.

پێکدادانی ئەمنی لەسیستان‌و بەلوچستان
لەسەر ئاستی ئەمنی، پۆلیسی ئێران کوژرانی ئەندامێکی گروپی "جەیشولعەدل"و دەستگیرکردنی شەش کەسی دیکەی لەپێکدادانێکی شارۆچکەی سەراوان لەپارێزگای سیستان‌و بەلوچستان ڕاگەیاند، هەروەها دەستبەسەر بڕێکی زۆر چەک‌و تەقەمەنیدا گیراوە.

فشاری ئابوریی واشنتۆن؛ بەئامانجگرتنی قاچاخچێتی نەوت
لەبەرامبەردا، واشنتۆن ئاستی هەڕەشە ئابورییەکانی بۆسەر تاران بەرزکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، فشارەکان توندتر دەکەن‌و ئەو کەس‌و لایەنانە دەکەنە ئامانج کە چالاکی دارایی نایاسایی بۆ تاران ئەنجامدەدەن.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش ئاشکرایکرد، چەندین تۆڕو نێوەندگیرو کەناڵی قاچاخچێتی نەوتی ئێرانیان دەستنیشانکردوە کە بۆ دەربازبون لەسزاکان بەکاردێن.

واشنتۆن تاران تۆمەتباردەکات بەوەی تۆڕە بانکییە نافه‌رمییەکان بۆ سپیکردنەوەی پارە، کڕینی چەک‌و دابینکردنی دارایی هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا بەکاردەهێنێت.

ئەم وەرچەرخانە نوێیە نیشانەی ئەوەیە کە ڕوبەڕوبونەوەی نێوان هەردوو وڵات بەشێوەیەکی بەرچاو چوەتە ناو کایەی (جەنگی سزاکان‌و ئابوریی)، لەکاتێکدا تاران بژاردەی دانوستان بەکراوەیی دەهێڵێتەوە بەمەرجێک هیچ سازشێک لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی نەکات.