شارپرێس:
موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، بەبۆنەی هەفتەی دەوڵەتەوە پەیامێکی گشتگیری ئاراستەی گەلی ئێران و بەرپرسان کرد و ڕایدهگهیهنێت، هەر جۆرە هەنگاو یان وتارێک کە ببێتە هۆی دروستکردنی دوو جەمسەریی وەهمی بهتوندی قەدەغەیە.
ڕێبەری باڵای ئێران لەپەیامەکەیدا، دەستخۆشی لەهەنگاوەکانی حکومەت کرد کە سەرەڕای سزاکان و پیلانە جۆراوجۆرەکانی "ئەمریکا و ئیسرائیل"، توانیویانە لەکاتی "جەنگی سێیەم" و قۆناغەکانی دوای ئەودا، خزمەتگوزارییەکان دابین بکەن، ناوبراو جەختی کردەوە کە دەبێت "دەسەڵات و هێزی ئێران" بۆ جیهان ڕون بکرێتەوەو ڕێگری لەهەر وتەیەکی بێومێدکەر بکرێت کە ورەی نەتەوەیی لاواز دەکات.
موجتەبا خامنەیی لەپەیامەکەیدا بڕیارێکی توندی دەرکردو ڕایگەیاند،"بەبڕیارەوە رایدەگەیەنم؛ ئەنجامدانی هەر شتێک کە لەزیانی تەبایی کۆمەڵایەتی بێت، قەدەغەیە"، ناوبراو هۆشداری دا لەدروستکردنی "دوفاقییە وەهمییەکان" وەک (جەنگ یان دانوستان) و (سازش یان جەنگخوازی)، کە بە وتەی ئەو لەڕابردودا زیانی گەورەیان بەگەلی ئێران گەیاندوە.
لەڕوی ئابورییەوە، ڕێبەری ئێران داوای کرد کە زنجیرەی ئاڵەنگارییەکانی بژێوی و هەڵئاوسان چارەسەر بکرێن و هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ "وەلانانی دۆلار" لەهاوکێشە ئابورییە گرنگەکاندا، ئاماژەی بەوەش کرد کە کلیلی سەرەکی چارەسەری کێشەکان پشتبەستنە بەبەرهەمی ناوخۆ و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی "ئابوری بەرگری".
