هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵات پلانی "ئامادەکاریی مەیدانی" ڕادەگەیەنێت

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8618 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەدوایین کۆبونەوەی ستراتیژیی خۆیدا، وێنەیەکی ڕونی داهاتوی ناوچەکەو ئێرانی کێشاو ڕایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی گەیشتوەتە لێواری داڕمان‌و پێویستە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەچاودێرەوە ببێتە بڕیاردەرو ئامادەکاریی سەربازیی‌و دیپلۆماسی بۆ قۆناغی گۆڕانکارییە گەورەکان بکات.

 

هاوپەیمانییەکە دوای هەڵسەنگاندنی وردی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە، گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی کە سیستەمی حوکمڕانی لەئێران لەناو قەیرانێکی قووڵی بێچارەسەردا دەخنکێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تێکەڵبونی گەمارۆ قورسە ئابورییەکان لەگەڵ فشارە هەمەلایەنە نێودەوڵەتییەکان، تارانی گەیاندوەتە قۆناغی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە لەمێژوی هاوچەرخی ئێران وەسفکراوە.

لەهەنگاوێکی جیاوازدا، هاوپەیمانییەکە بانگەوازێکی ئاراستەی هەموو هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات کردوە کە "بەرژەوەندیی نەتەوەیی بخەنە پێش توانای حزبی"، بڕیاری هاوبەشی هێزەکان ئەوەیە کە چیتر کورد نابێت تەنها بینەری ڕوداوەکان بێت، بەڵکو دەبێت لەچوار ڕەهەندی سەرەکیدا ئامادەکاری بکات له‌ڕوى سەربازیی‌و ئەمنی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان لەکاتی هەر ئەگەرێکی کتوپڕدا، ڕێکخستنی ناوخۆیی بۆ یەکخستنی ئیرادەی جەماوەریی، هه‌روه‌ها دیپلۆماسی‌و لۆبیکردن بۆ چەسپاندنی مافی بڕیاردان لەچارەنوس لەناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، هاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بۆ ئه‌وه‌ش داواكراوه‌، دیالۆگ لەگەڵ هێزە دیموکراتخوازەکانی دیکەی ئێران بۆ داڕشتنی نەخشەی داهاتوو.

لەڕوی یاسایی‌و مەیدانییەوە، هاوپەیمانییەکە ئاشکرایکردوە، خەریکی ئامادەکردنی دۆسیەیەکی تایبەتن لەسەر تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی تاوەکو پێشکەشی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی بکەن.

هاوکات، هێزە سیاسییەکان خۆیان بۆ پێشوازییەکی یەکگرتوو لەساڵوەگەڕی بزوتنەوەی (ژینا – ژن، ژیان، ئازادی" ئامادە دەکەن، وەک هێمایەک بۆ بەردەوامیی خەباتی مەدەنی‌و شۆڕشگێڕانە.

ڕاگەیەندراوەکەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەجەختکردنەوە لەسەر سوربون‌و کۆدەنگی"کۆتایی دێت، پەیامی ڕونی ئەم کۆبونەوەیە ئەوەیە کە کورد لەڕۆژهەڵات، بەیەکگرتویی سیاسیی‌و ئامادەکاریی مەیدانی، خۆی بۆ قۆناغی دوای داڕمانی تاران ئامادەکردوەو ئەمجارە ناهێڵێت مافە نەتەوەیی‌و دیموکراسییەکانی ببنە قوربانیی هاوکێشەکان.