شارپرێس:
بەهۆی گیرۆدهبونی یاسای نوێی موچە لەنێوان 34 مادەی یاسایی جیاوازدا، حکومەتو پەرلەمان بیر لەزیادکردنی موچەی فەرمانبەرانی پلە نزم دەکەنەوە وەک چارەسەرێکی خێراو کاتیی بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانو بەدیهێنانی دادپەروەریی.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى دهستكهوتون، لەپەرلەمانی عێراق هەوڵێکی چڕ هەیە بۆ باشترکردنی بژێوییو بەرزکردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی پلە نزم، وەک هەنگاوێکی کاتیی تائەوکاتەی پڕۆژەیاسای نوێی خشتەی موچە پەسەند دەکرێت.
محەمەد حسێن ئەبو ئەلعیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکردوە، پڕۆژەیاسای خشتەی نوێی موچە بەهۆی دژبەیەکبونی لەگەڵ (34) مادەی یاسایی جیاواز، لەپەرلەمان پەکیکەوتوەو پێویستی بەهەموارکردنەوەیەکی ورد هەیە.
زانیارییهكان دهڵێن، "بۆ تێپەڕاندنی ئەم چەقبەستوییە، وەزیری دارایی پێشنیازێکی خستوەتەڕوو کە بەشێوەیەکی کاتیو قۆناغ بەقۆناغ دەستکاریی موچەی پلە نزمەکان بکرێتو بڕێک زیادبکرێت، بەبێئەوەی چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی تەواوی یاسا گەورەکە بکرێت".
وهكو پهرلهمانتارهكهش وتویهتى، "مەبەستی سەرەکی لەم پێشنیازە، کەمکردنەوەی ئەو جیاوازییە گەورەیەیە کە لەنێوان موچەی وەزارەتە جیاوازەکاندا هەیە، حکومەت دەیەوێت لەڕێگەی ئەم گۆڕانکارییەوە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو فەرمانبەرانە دابین بکات کە لەپلە وەزیفییە نزمەکاندایەو زۆرترین نادادپەروەرییان بەرامبەر کراوە".
پەرلەمانتارەكه جەختیکردوەتەوە، دەکرێت ئەم چارەسەرە بەپەلە جێبەجێبکرێت، بۆ ئەوەی سنورێک بۆ بۆشاییە داراییەکانی نێوان فەرمانبەران دابنرێت، تائەوکاتەی بەربەستە یاساییەکانی بەردەم خشتەی گشتیی موچە بەتەواوی لادەبرێن.
