شارپرێس:
تیمەکانی ڕزگارکردن لەنیپاڵو چین لەململانێیەکی تونددان لەگەڵ کات بۆ دۆزینەوەی هەزاران بێسەروشوین، دوای ئەوەی هەرەسێکی بەفری گەورە بوە هۆی دروستبونی لافاوێکی قوڕو لیتە لەزنجیرە چیاکانی هیمالایا، تائێستا گیانلەدەستدانی 919 کەس پشتڕاستکراوەتەوەو چارەنوسی زیاتر لەچوار ههزارو 793 کەسی دیکەش نادیارە.
دەستەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لەنیپاڵ، ئەمڕۆ دوشەممە ڕایگەیاند، پێدەچێت لانی کەم 933 کرێکار لەناو شەش پڕۆژەی بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوی (کەهرۆمائی) لەنیپاڵدا گیریانخواردبێت، ئەمەش وەک ئاسەواری ئەو لافاوە وێرانکەرەی هەفتەی ڕابردوو ناوچەکەی گرتەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن لەنێوان هەردوو وڵاتی نیپاڵو چین لەبارودۆخێکی کەشوهەوای زۆر سەختو بەرزبونەوەی ئاستی ئاودا بەردەوامن.
کارەساتەکە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕویدا، کاتێک شەپۆلێکی گەورە لەبەفر، بەردو قوڕ، دۆڵە جەنجاڵەکانو ڕوبارەکانی ناوچەکەی ڕاماڵی، لایەنە پەیوەندیدارەکان لەهەردوو وڵات (نیپاڵو چین) ڕایانگەیاندوە، لەنیپاڵو چین ژمارەی مردوان گەیشتوەتە 919 كهسو بهههردوو وڵاتیش چوار ههزارو 793 کەسیش بێسەروشوێنن، پەکین-یش ئاشکرایکردوە، 261 هاوڵاتیی بیانی لە23 وڵاتی جیاوازەوە لەهەرێمی (تیبت)و لەنزیک سنورەکانی نیپاڵ چارەنوسیان نادیارە.
وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا نیپاڵییەکەی، ئەم ڕوداوەی وەک "سەختترین کارەساتی نێوان سنورەکان" لەچەند ساڵی ڕابردودا وەسفکردو جەختیکردەوە، پرۆسەی ڕزگارکردن بەشێوەیەکی وێنەنەبوو ئاڵۆزو پڕ لەئاستەنگە.
کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سور-یش پێشبینیدهكات، نزیکەی 90 هەزار کەس بەهۆی ئەم کارەساتەوە زیانیان پێگەیشتبێت، لایەنی چینی هۆکاری ئەم ڕوداوە سروشتییە توندەی بۆ دەرەنجامە خراپەکانی "گۆڕانی کەشوهەوا" گەڕاندوەتەوە. ئێستا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم تیمەکانی ڕزگارکردن، سروشتی سەختی جوگرافیای چیاکانی هیمالایایە کە گەیشتن بەناوچە زیانلێکەوتوەکانی ئەستەم کردوە.
