گروپە چەكدارەكان بۆ چەكدانان نەرمی دەنوێنن

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی نزیك لە گروپەچەكدارەكان ڕۆژی یەكشەممە  دوایین پێشهاتەكانی سەبارەت بە پرسی ڕێكخستنی چەك لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و ئاستی وەڵامدانەوەیان بۆ پەیامەكانی حكومەت ئاشكرا كرد. ئەو سەرچاوەیە پەیوەندی و ڕاوێژكارییە بەردەوامەكانی نێوان هەردوولا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی پشتڕاستكردەوە.

سەرچاوەكە ڕایگەیاندووە، ژمارەیەك گروپ وەڵامی ئەرێنییان داوەتەوە بۆ ئەو پەیامانەی حكومەت سەبارەت بە ڕێكخستنی چەك بڵاوكراونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە كرد كە ڕۆژی 30ی ئەیلول وادەیەكی گرنگە، چونكە كۆتایی هاتنی بوونی سەربازی بیانی بە هەموو فۆرمەكانیەوە دەبێت، دیارترینیان بوونی ئەمریكی و داخستنی سەرجەم بارەگا و بنكەكانی، بەتایبەت لە بنكەی ئاسمانی هەریر لە نزیك هەولێر و شوێنەكانی دیكە كۆتایی پێدەهێنێت.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕونیشیكردەوە، "تا ئێستا ڕاوێژ و كۆبوونەوەكان بەردەوامن و پێداگری هەندێك لایەن لەسەر پاراستنی چەكەكانیان هەیە، پێدەچێت ئەم هەڵوێستە پێش وادەی دیاریكراو بگۆڕێت و كەشوهەوای گشتی گفتوگۆكان ئەرێنییە".

ئاماژەی بەوەشكرد، سەركردەكانی گروپەكان داوای نەخشەڕێگای ستراتیژی دەكەن بۆ پرسی چەك لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتە ناوچەییەكان، لە پێشبینی هەر سیناریۆیەكی چاوەڕواننەكراودا، جەختیشی لەوە كردەوە كە “ڕۆژانی داهاتوو هەڵوێستێكی ڕونتر دەبێت سەبارەت بە دەستپێشخەریی حكومەت بۆ سنورداركردنی چەك پێش ئەوەی وادەی دیاریكراو لە ٣٠ی ئەیلولدا كۆتایی پێبێت.