پێشمەرگە لەبەردەم دوڕیانێکی نادیاردا.. ئەمریکا بۆچی هاوکارییەکانی بۆ ئەو هێزانە رادەگرێت؟

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 454 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق لە (30ی 9ی 2026)، دەنگۆکان لەبارەی کۆتاییهاتنی سەردەمی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە زیاد دەبن، چەند بەرپرسێکی پێشمەرگە و چاودێرێکی سیاسیش هۆکاری ئەو هەنگاوەی ئەمریکا ئاشکرادەکەن.



-کورتهێنان لەبودجەی ئەمریکا
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "العالم الجديد" ئاماژەی بەوەکردوە،" چەند هۆکارێک هەن بۆ ئەوەی ئەمریکا هاوکارییە داراییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە رابگرێت، ئەوانیش بریتین لە دۆخی دارایی حکومەتی ئەمریکا و سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر ئەو هاوکارییانەی بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەبەخشێت، بەتایبەت لەم کاتەدا کەحکومەتی ئەمریکا نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار کورتهێنانی لە بودجەکەی هەیە ".

-سیاسیەتی نوێی ترەمپ
ئەوەشیخستەڕوو، سیاسەتی نوێی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ئەوەیە کە هاوکارییە دارایی و سەربازییە دەرەکییەکانی کەم بکاتەوە، تەنانەت بۆ وڵاتانی دۆستی ئەمریکا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش.

جەبار یاوەر ڕونیشیکردەوە، هۆکارێکی دیکەی راگرتنی هاوکارییەکان کۆتاییهاتنی شەڕی داعشە، کە لە ساڵی 2014وە دەستیپێکرد و لەو کاتەدا حکومەتی هەرێم بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیدەتوانی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە بدات، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا حکومەتی عێراق مانگانە موچەی پێشمەرگە خەرجدەکات و کێشەیەکی ئەوتۆی لەوبارەیەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێم نییە .

-یەکنەخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە
هاوکات، عادل باخەوان، چاودێری سیاسی دەڵێت، دواکەوتنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە یەکێکە لەو هۆکارانەی وای لە ئەمریکا کردوە هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە رابگرێت.

عادل باخەوان باسی لەوەشکرد، باشترین شت یەکێتی و پارتی بیکەن ئەوەیە کە هەڵوێستێکی یەکگرتویان هەبێت و هەنگاوی جددی بنێن بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانیان. 

-هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە
لەلایەکی دیکەوە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە کە بڕیاری کۆتایی لەبارەی راگرتنی هاوکارییەکان درابێت و دەڵێت" حکومەتی هەرێم پێویستی بە بەردەوامی پاڵپشى و هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە.