عێراق پەنا بۆ قەرزكردن لە ئەمریكا دەبات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 189 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەمڕۆ یەكشەممە ئاشكرای كرد، حكومەتی عێراق بیر لە پەیوەندیكردن بە بەشێك لە بانكە ئەمریكییەكان دەكاتەوە بۆ دەستەبەركردنی قەرز وەك چارەسەرێكی خێرا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی نەبوونی نەختینە، ئەمەش بۆ دووركەوتنەوە لە پێویستی چاپكردنی پارەی زیاتر.

ئەو سەرچاوەیە ڕونیكردەوە "وەزارەتەكانی دارایی و كاروباری دەرەوە لێكۆڵینەوە لە ئەگەری پەیوەندیكردن بە بەشێك لە بانكە فەرمییەكانی ئەمریكا دەكەن بۆ بەدەستهێنانی قەرزێك كە لە فرۆشتنی نەوتی عێراق لە بازاڕەكانی نەوتی جیهاندا دەدرێتەوە، بەمەش قەیرانی نەختینەیی چارەسەر دەكرێت بەبێ ئەوەی پەنا بۆ چاپكردنی پارە ببات".

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، "حكومەتی عێراق ئەم ڕێبازە بە چارەسەرێكی لۆژیكی و خێرا دەبینێت لەنێو شەپۆلی قەیرانەكان كە ناوچەكەی گرتووەتەوە"، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر ئاشكرا بكات.