شارپرێس:
نوری مالیکی رایدەگەیەنێت، هەڕەشەکانی حکومەتی عێراق لەبارەی چەککردنی گروپە چەکدارەکان تاکو پێش 30ی 9ی 2026 بێ مانایە، دەشڵێت، مەرج نییە لەو وادەیەدا چەک رادەستی دەوڵەت بکەن.
نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا
لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "الشرقية" ئاماژەی
بەوەکرد، مەرج نییە لە 30ی 9ی 2026 گروپەکان چەک رادەستی دەوڵەت بکەن، گرنگ ئەوەیە
بنەمایەک بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە دابنرێت، یەکلاکردنەوەش بەشێوەیەک بێت کە چۆن
گەل و دەوڵەت و مەرجەعییەت دەیەوێت.
ئەوەشیخستەڕوو،" هەندێک لایەن دەیانەوێت ناوی حەشدی
شەعبی بە گروپە چەکدارەکانەوە بلکێنن، بەڵام ئەوا راست نییە و من حەشدی شەعبیم بە
فەرمانێکی دیوانی دامەزراندوە، حەشد چەک و پارەیان لە دەوڵەتەوەیە، فەرمانیش لە
دەوڵەتەوە وەردەگرن ".
مالیکی وتیشی،" ئێمە نامانەوێت گروپە چەکدارەکان بێنە ناو حەشدی شەعبییەوە ".