هوتێلێکی پێنج ئەستێرە بۆ گوێدرێژەکان لەلوبنان.. چیرۆکێکی مرۆیی كاریگه‌ر

هەمەڕەنگ

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 278 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەشارۆچکەی "لەبوە" لەڕۆژهەڵاتی لوبنان، کێڵگەیەکی تایبەت سەرنجی هەموانی ڕاکێشاوە؛ لێرە گوێدرێژەکان تەنها وەک ئاژەڵێکی کارکەر نابینرێن، بەڵکو ژیانێکی شاهانەیان بۆ دابینکراوە کە هاوشێوەی خزمەتگوزاریی هوتێلە پێنج ئەستێرەکانە.


حوسێن ئەمەز خاوەنی کێڵگەکە، ژینگەیەکی وای بۆ گوێدرێژەکانی دروستکردوە کە تێیدا پاکوخاوێنی بەردەوام، خواردنی کوالێتی بەرزو چاودێری پزیشکی وردی تێدایە، بەڵام ئەوەی ئەم کێڵگەیە لەپڕۆژەیەکی بازرگانی جیادەکاتەوە، ئەو چیرۆکە مرۆیی‌و خێرخوازییەیە کە لەپشتێوەیەتی.

چیرۆکەکە چۆن دەستیپێکرد؟
حوسێن بۆ سکای نیوز عەرەبی باسى له‌وه‌كردوه‌، 12 ساڵ لەمەوبەر، کاتێک یەکێک لەئەندامانی خێزانەکەی توشی لاوازییەکی زۆری بەرگریی جەستە دەبێت، بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت‌و لەوێوە دەزانێت کە شیری گوێدرێژ سودێکی تەندروستی گەورەی هەیە، هەربۆیە یەکەم گوێدرێژی کڕیوەو وردە وردە کێڵگەکەی فراوانکردوە، ئێستا 24 دانەی تێدایە.

خێرێک بۆ ڕۆحی مردوەکان
سەرباری ئەوەی نرخی شیری گوێدرێژ لەبازاڕە جیهانییەکان‌و وڵاتانی ئەوروپا زۆر گرانە (کیلۆیەک دەگاتە 260 دۆلارو 250 مل دەگاتە 90 دۆلار)، بەڵام حوسێن ئامادەنییە شیرەکە بفرۆشێت، ئەو دەڵێت، "من پارەم لەمکارە ناوێت، شیرەکە بەخۆڕایی دەدەمە هەرکەسێک کە پێویستی بێت، تەنها شتێک کە دەمەوێت، دوعای خێرو ڕەحمەتە بۆ ئەندامانی کۆچکردوی خێزانەکەم".

ژیانی "نازداری" گوێدرێژەکان
لەکێڵگەکەدا تیمێکی تایبەت شەوو ڕۆژ خزمەتی ئاژەڵەکان دەکەن‌و پزیشکێکی ڤێتێرنەری هەفتانە پشکنینیان بۆ دەکات، حوسێن ڕێگەنادات هیچکام لەو گوێدرێژانە بۆ باربردن یان کارکردن بەکاربهێنرێن یان بەکرێبدرێن، چونکە بەوتەی خۆی "دەیەوێت نازیان هەڵبگرێت تا ئەوانیش ئەو شیرە خێرخوازییەی پێببەخشن".

کۆسپ‌و تەحەدییەکان
ڕێگه‌ی حوسێن بێ کێشە نەبوە؛ ئەو ئاماژە بەوەدەکات، پێشتر ڕوداوێکی ژەهراویبون لەکێڵگەکەیدا ڕویداوە کە بوەتە هۆی مردنی 20 گوێدرێژ، ئەمەش زیانێکی گەورەبوە بۆ پڕۆژە خێرخوازییەکەی، بەڵام ئەو هێشتا بەردەوامە لەسەر ئەو بەڵێنەی بەخۆیداوە کە خزمەتی پێویستان بکات.