شارپرێس:
بەڵگەیەکی نهێنی کۆمپانیای
فۆڵکسواگنی ئەڵمانی کە بۆ ئەنجومەنی چاودێری کۆمپانیاکە نێردراوە، وردەکاریی پلانی
داخستنی چوار کارگەی گەورە لەئەڵمانیا ئاشکرادەکات، ئەمەش وەک بەشێک لەبەرنامەیەکی
توندی دەستپێوەگرتن کە هەڕەشە لەداهاتوی دەیان هەزار کارمەند دەکات.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی
گۆڤاری "Wirtschaftswoche"ی ئەڵمانی، ئەنجومەنی
بەڕێوەبردنی فۆڵکسواگن بەکۆدەنگی بڕیاریداوە لەسەر کاتی کۆتاییهێنان بەبەرهەمهێنان
لەچوار کارگەی سەرەکی، بەمشێوەیە:
کارگەکانی ئیمدن (Emden)و تسفیکاو (Zwickau) لەساڵی 2031
دادەخرێن.
کارگەی هانۆڤەر (Hanover) لەساڵی 2032 بەرهەمهێنان تێیدا ڕادەگیرێت.
کارگەی نیکارزولم (Neckarsulm) لەساڵی 2034 کۆتایی بەکارەکانی دەهێنرێت.
بەڵگەنامە نهێنییەکان
ئاماژە بەوەدەکهن، پێکهاتەی ئێستای کۆمپانیاکە چیتر گونجاونییە بۆ گەرەنتیکردنی
توانای کێبڕکێو قازانج لەمەودای درێژدا، هەروەها ئاشکرایکردوە، فرۆشی فۆڵکسواگن لەمساڵدا
ساڵی 2026دا پاشەکشە دەکات بۆ تەنها 8.5 ملیۆن ئۆتۆمبێل لەسەر ئاستی جیهان.
ئۆلیڤەر بلۆم سەرۆکی جێبەجێکاری
گروپەکە ڕایگەیاندوە، بەرنامەی پێشوو بۆ کەمکردنەوەی 50 هەزار هەلی کار تاساڵی
2030 بەس نییەو پێویستە ڕێکاری توندتر بگیرێتەبەر کە ڕەنگە ببێتە هۆی نەمانی دەیان
هەزار هەلی کاری دیکە.
ئەم پلانە کاردانەوەی
توندی لێکەوتوەتەوە، کریستیانە بێنەر سەرۆکی سەندیکای "IG Metall" (گەورەترین سەندیکای کرێکارانی پیشەسازیی لەئەڵمانیا)،
ئۆلیڤەر بلۆمی بەئەنجامدانی "هەڵەی کوشندە" تۆمەتبارکردو ڕایگەیاند، لەکۆبونەوەی
داهاتوی ئەنجومەنی چاودێریدا ڕوبەڕوی ئەم بڕیارانە دەبنەوەو بەرگرییەکی سەختدەکەن.
حکومەتی ویلایەتی ساکسۆنیای
خواروو کە خاوەنی 20٪ی پشکەکانی کۆمپانیاکەیە، دژایەتی خۆی بۆ داخستنی کارگەکان دەربڕی،
وتەبێژی ویلایەتەکە ڕایگەیاند، "ئێمە شەڕ بۆ مانەوەی هەموو کارگەکان دەکەین،
نەک تەنها لەویلایەتەکەی خۆمان، بەڵکو لەهەموو ئەڵمانیا".
کۆمپانیای فۆلکسواگن
تائێستا ئامادەنەبوە بەفەرمی کۆمێنت لەسەر ئەم بەڵگەنامە نهێنییە بداتو تەنها بەوە
وازیهێناوە کە دەڵێت، "ئێمە قسە لەسەر بەڵگەنامە ناوخۆییەکان ناکەین".
