ئەمریکا شێوازی شەڕکردنی لەگەڵ ئێران دەگۆڕێت

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1398 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە دوناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەم دواییانەدا پێشینەی ئامانجەکانی بەرامبەر بە جەنگی ئێران گۆڕیوە.

میدیا ئەمریکییەکە لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای واشنتۆنەوە گواستوویەتییەوە کە ئەو ئامانجانەی پێشتر ترامپ ڕایگەیاندبوون، لەوانەش کردە سەربازییەکانی پەیوەست بە لەناوبردنی تەواوەتیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بە شێوەیەکی کاتیی دواخراون.

ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردۆتەوە کە ڕێنمایی دراوەتە سوپای ئەمریکا تاوەکو سەرجەم هەوڵەکانی بۆ پاراستنی دەریاوانیی لە گەرووی هورمز چڕ بکاتەوە و گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران توندتر بکات، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هاتن و چوونی بارە نەوتییەکانی ئێران.

لە لایەکی ترەوە، ترامپ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەیە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، کە ساڵی ڕابردوو لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر 3 دامەزراوەی سەرەکی ئەتۆمی بە تەواوەتی لەناو نەچوون بە ژێرخاککراوی بمێننەوە و ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە چاودێرییان بکرێت، سەرەڕای ئەوەی پێشتر کۆنترۆڵکردنی ئەو ماددانەی وەک ئامانجی سەرەکیی دەستنیشان کردبوو.

بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، واشنتۆن کۆمەڵێک کەرەستەی ئاسمانی و دەریایی خستووەتە گەڕ بۆ لێدانی تواناکانی ئێران لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و بەرپەرچدانەوەی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە کاتی یاوەرییکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی