شارپرێس:
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، بەهۆی دواکەوتنی جێبەجێکردنی
سیستمی ئەسیکۆداوە لە ئازاری 2026ـەوە داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی
کوردستان بەڕێژەی 78% کەمیکردوە، لەکاتێکدا داهاتی عێراق 114% زیادیکردوە.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" بە نوێنەرایەتی
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداربوم لە کۆبونەوەی ئاسایی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی
فیدڕاڵ لە بەغدا، بۆ خستنەڕوی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی
ئەسیکۆدا لە دەروازە
سنورییەکانی هەرێمی کوردستان ".
ئەوەشیخستەڕوو، لە کۆبونەوەکەدا، یاداشتێکی دەستوری، یاسایی
و داراییمان پێشکەش کرد و ڕونمان کردەوە کە حکومەتی هەرێم بڕیاری جێبەجێکردنی ئەسیکۆدای داوە و لەگەڵ
دواخستنی نییەو لە چوارچێوەی دوا کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریدا پێشکەوتنێکی
بەرچاو بەدەستهاتووە و زۆربەی بابەتە تەکنیکی و یاساییەکان یەکلایی کراونەتەوە.
ئامانج رەحیم وتیشی،" جەختمان کردەوە کە ئەسیکۆدا تەنها بەئەلکترۆنیکردنی
ڕێکارە گومرگییەکان نییە؛ بەڵکو پڕۆژەیەکی ستراتیجییە بۆ دروستکردنی سیستەمێکی نیشتمانی
یەکگرتوی دیجیتاڵیی و پتەوکردنی ڕۆڵی تەواوکاری یاسایی و ئابوری لە نێوان حکومەتی
هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی دەستور.
باسی لەوەشکرد، لەو چوارچێوەیەدا، پێناسە و ڕێکارە گومرگییەکان یەکدەخرێن کە ئێستا
دوو پێناسی گومرگی و ڕێکاری جیاواز لە هەرێم وفیدڕاڵ جێبەجێ دەکرێت، یەکخستنی یاسا
و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان بە بازرگانیی، و هاوبەشکردنی داتا و زانیارییەکانی هەردولا؛
بە تایبەتی لە بوارەکانی (تۆماری کۆمپانیاکان، مۆڵەتی هاوردە و هەناردە، مۆڵەتی وەبەرهێنان،
کارگە وپڕۆژە پیشەسازییەکان، ئەستۆپاکی باج، پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری، ڕۆژنامەی
کشتوکاڵی، و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ).
بەوتەی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج لە ئەسیکۆدا
دروستکردنی داتا سەنتەرێکی نیشتمانی دیجیتاڵیی یەکگرتوە بۆ بازرگانیی لەسەر ئاستی
عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە؛ بە شێوەیەک کە هەردوو حکومەت دەستیان بە داتا و
زانیارییە دروستەکان بگات، و دان بە بەڵگەنامە و مۆڵەتە فەرمییەکانی یەکتردا بنێن کە
لە ئێستادا وەک پێویست کار بە بەڵگەنامەی یەکتر ناکەن، لە هەمان کاتدا تایبەتمەندییە
دەستوری و کارگێڕییەکانی هەرێم بپارێزرێن.
لەبارەی ناکۆکییەکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ لەسەر ئەو
پرسە، ئامانج رەحیم راشیگەیاند،" خاڵی سەرەکیی ماوە بۆ یەکلاییکردنەوە، میکانیزمی
دابەشکردنی داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێمە، لەم بارەیەوە پێشنیاری حکومەتی هەرێممان
بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، یاسای بودجە و بڕیارە پەیوەندیدارەکان
خستەڕوو ".
دەشڵێت، دواخستنی جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە دەروازەکانی
هەرێم وکاریگەریی گەورەی لەسەر داهاتەکانی هەرێم هەبووە. بەگوێرەی نووسراوێکی بانکی
ناوەندیی عێراق، لە مانگی ئازاری 2026ەوە داهاتی دەروازەکانی
هەرێم بە ڕێژەی 78% دابەزیوە؛ لە
کاتێکدا لە حکومەتی فیدڕاڵیی لە دوای جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا داهاتە گومرگیە فیدڕاڵییەکان
بە ڕێژەی 114% زیادی کردووە.
لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" دابەزینی داهاتی دەروازەکانی
هەرێم توانای هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵی
سنووردار کردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2025 هەرێم بەردەوام مانگانە 120 ملیار دیناری وەک بەشی خەزێنەی فیدڕاڵی ناردوە ".
" خێراکردنی جێبەجێکردنی ASYCUDA یارمەتیدەر دەبێت
بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی داهاتە نانەوتییەکان، وجێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی هەرێم
بەرامبەر بەغدا و ئاسانکاریی بۆ بەردەوامی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم "، ئامانج رەحیم وای وت.
