مەزڵوم عەبدی هێڵی سور دادەنێت

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2032 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەزڵوم عەبدی رایدەگەیەنێت،" زمانی کوردی هێڵی سوری ئێمەیە"، دەشڵێت، خەبات و تێکۆشانیان بۆ مافە کولتورییەکان و خوێندن بە زمانی دایک، بە بڕیارەوە بەردەوام دەبێت.


مەزڵوم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆماری سوریا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "یەنی یاشام" ئاماژەی بەوەکردوە،" لە پرۆسەی بنیادنانەوەی سوریای نوێدا، پێویستە گەلی کورد لە کایەی سیاسی و بەڕێوەبردندا جێگەی شایستەی خۆی بگرێت، دوای ١٥ ساڵ لە شەڕ و قوربانیدانی مەزن، ئامانجی سەرەکییان پاراستنی دەستکەوتەکانە ".

لەبارەی تێکەڵبونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا، عەبدی وتی،" هێزەکانی ئێمە کە بۆ ماوەی 15 ساڵ بەرگریمان لەم خاکە کرد، ئێستا بە فەرمی چوینەتە ناو سوپای سوریاوە، ئامانجمان ئەوەیە کە لە چوارچێوەیەکی نوێ و فەرمیدا بەردەوام بین لە پاراستنی ناوچەکە و گەلەکەمان ".

ئەوەشیخستەڕوو،" لە مێژوی سوریادا ئەمە یەکەم جارە زمانی کوردی بەفەرمی جێگەی لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردندا بێتەوە، زمانی کوردی هێڵی سوری ئێمەیە، سەرەڕای ئەوەی پێگەی زمانەکە قبوڵکراوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو سیستمەی کە لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردودا بونیادمان نابوو، هێشتا کەموکوڕی هەیە ".