وتەبێژی کەتائبی سەیدوشوهەدا لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا دووبارە داوای هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت، یەکێکە لە مەرجەکانمان بەرامبەر پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی چەک.
کازم فەرتوسی، وتەبێژی کەتائیبی سەیدوشوهەدا، کە گروپەکەی یەکێکە لە گروپە دیارەکانی بەرەی مقاوەمە و هێشتا چەکدانان ڕەتدەکاتەوە، لەنوێترین چاوپێکەوتنیدا رایگەیاند، ئەوان و گروپەکانی دیکەی مقاوەمە ڕەتیدەکەنەوە چەک ڕێکبخەنەوە، تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت.
فەرتوسی لەو چاوپێکەوتنەدا دەڵێت ئەمانە دیارترین داواکارییەکانی بەرەی مقاوەمەیە: کاتێک ئەمریکا و تورکیا لە عێراق چوونە دەرەوە، لە نائامادەبوونی ئەواندا چەک ڕێکدەخەینەوە، هەژموونی سیاسی و دارایی ئەمریکا بەسەر عێراقەوە نەمێنێت، هێزی پێشمەرگە هەڵبوەشێتەوە و سوپای عێراق لە هەرێمی کوردستان بڵاوەی پێبکرێت.
وتەبێژەکەی کەتائیبی سەیدوشوهەدا دەشڵێت: ئێمە باوەڕ بە کشانەوەی تەواوەتی ئەمریکا لە عێراق ناکەین، لە زۆر بۆنەی دیکەدا باسی کشانەوەیان کردووە، بەڵام لە واقیعدا نەکشاونەتەوە و لە عێراق ماوەنەتەوە.