نوێترین ڕاپرسیی: ئۆپۆزسیۆن 68 کورسی و بەرەی ناتانیاهۆ 52 کورسی بەدەستدەهێنن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 136 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی 12ی عیبری بەپشتبەستن بە ئەنجامی ڕاپرسییەکی پەیمانگەی مدغام، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردنی گشتیی بەڕێوەبچێت، پارتی یاشار بە سەرۆکایەتیی غادی ئایزنکۆت سەرۆکی پێشووتری ئەرکان، دەبێتە گەورەترین پارتی پەرلەمان و 25 کورسی لە کۆی 120 کورسییەکەی کنێست بەدەستدەهێنێت،لە بەرامبەردا پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ، دوو کورسی لەدەستداوە و دابەزیوە بۆ 21 کورسی.

هەر بەپێی ئەنجامەکان، پارتی بەیەکەوە بە سەرۆکایەتیی نەفتالی بینێت بە وەرگرتنی 13 کورسی دابەزیوە بۆ نزمترین ئاستی، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتیی یائیر گۆلان 11 کورسییەکەی خۆی پاراستووە.

پارتی ئیسرائیل بەیتنو بە سەرۆکایەتیی ئەڤیگدۆر لیبەرمان بۆتە 8 کورسی، هەروەها پارتی یەهودێت هاتۆرا 8 کورسی و "شاس" 7 کورسییان بەدەستهێناوە. هاوپەیمانی "سەهیۆنیزمی ئایینی و زیهۆت" 6 کورسی و پارتی عەماخ یسرائیل‌ 4 کورسییان بردۆتەوە.

لەسەر ئاستی هاوپەیمانییەکان، بەرەی ئۆپۆزسیۆن 68 کورسی بەدەستهێناوە کە 57یان بەر پارتە یهودییەکان و 11یان بەر پارتە عەرەبییەکان کەوتون، لەبەرامبەردا بەرەی ناتانیاهۆ 52 کورسی مسۆگەر کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 61 کورسی هەیە.

لەبارەی شیاوترین کەس بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت، ئایزنکۆت بە بەدەستهێنانی 42%ی دەنگەکان پێش نەتەنیاهو کەوتووە کە 35%ی دەنگەکانی هێناوە.