شارپرێس:
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی بە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەدات و دەڵێت، بودجەی گشتی 2027 بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ئامادە دەکرێت و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و گشت پێکهاتەکان پارێزراو دەبێت.
سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئێوارەی ئهمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى لە شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کرد بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ".
ئەوەشیخستەڕوو، هەردوولا هاوڕابون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها هاوبۆچون بون لەسەر پەرەپێدانیی زیاتری هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان، بە تایبەتیی دۆخی ئەمنی و ئابوری ئێستای عێراق.
بەپێی راگەیەنراوەکە، هەردولا جەختیان لە گرنگیی پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵ و سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کردەوە بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی و خزمەتکردنی گشت هاوڵاتی و پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کورستان لەسەر بنەمای دەستور و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستوری هەرێم.
حکومەتی هەرێم دەشڵێت،" لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی گەڵاڵەکردنی ڕەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 کرا . لەمبارەیەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، دڵنیاییدا کە بودجەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ئامادە دەکرێت و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و گشت پێکهاتەکان پارێزراو دەبێت ".
