پێشکەوتنێکی پزیشکیی بێپێشینە.. چاکبونەوەی منداڵێک لەشێرپەنجەی پێشکەوتوی جگەر

تەندروستی

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 434 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چارەسەرێکی تاقیکاریی نوێ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی جگەر تۆمار دەکات، دوای ئەوەی توانرا سەرجەم نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە جەستەی منداڵێکی 3 ساڵان لاببرێت کە تووشی شێرپەنجەیەکی بەربڵاو و بەرگەگرتوو بەرامبەر دەرمانەکان ببوو.

 
ئەم چارەسەرە کە بە (CAR-T) دەناسرێت، لەسەر بنەمای وەرگرتنی خڕۆکە سپییەکان لە نەخۆشەکە و دەستکاری کردنی جێنێتیکییان لە تاقیگەدا کار دەکات بۆ ئەوەی توانای ناسینەوە و تێکشکاندنی خانە شێرپەنجەیییەکانیان زیاتر بێت.

 هەرچەندە ئەم ڕێگەیە پێشتر زیاتر بۆ شێرپەنجەی خوێن بەکار دەهات، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی ئەم حاڵەتە لە گۆڤاری "New England Journal of Medicine" ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەگەری بەکارهێنانی لە وەرەمە ڕەقەکانی وەک جگەر.

منداڵەکە تووشی گرێی ئەرمۆیی جگەر (Hepatoblastoma) ببوو کە شێرپەنجەیەکی کوشندەی جگەرە لە منداڵاندا و بڵاوببووەوە بۆ سییەکان و ئێسکەکانی. دوای سەرنەکەوتنی 3 خولی دەرمانی کیمیایی و چەندین نەشتەرگەری، منداڵەکە بەشداری لە توێژینەوەیەکی کۆلێژی بایبۆری پزیشکیدا کرد و 2 ژەمی لە دەرمانی تاقیکاریی "GPC3-CAR" پێدرا کە تایبەتە بۆ بەئامانجگرتنی پرۆتینی "Glypican-3" لە گرێ شێرپەنجەیییەکاندا.

دوای ژەمی دووەم، پشکنینەکان نەمانی هیچ شوێنەوارێکی نەخۆشییەکەیان دووپات کردەوە و دوای تێپەڕبوونی 12 مانگیش منداڵەکە بە تەواوی تەندروستە. 

سەرەڕای ئەم سەركەوتنە گەورەیە، توێژەران جەخت دەکەنەوە کە پێویستیان بە تاقیکاریی فراوانتر هەیە لەسەر نەخۆشی تر تاوەکو ئاستی سەلامەتیی و کاریگەریی گشتیی ئەم چارەسەرە بە تەواوی ڕوون بێتەوە.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
https://arabic.rt.com/health/1833663-%D8%A8%D8%AC%D8%B1%D8%B9%D8%AA%D9%8A%D9%86-%D9%81%D9%82%D8%B7-%D8%B9%D9%84%D8%A7%D8%AC-%D8%AA%D8%AC%D8%B1%D9%8A%D8%A8%D9%8A-%D8%B9%D9%84%D8%A7%D9%85%D8%A7%D8%AA-%D8%B3%D8%B1%D8%B7%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%A8%D8%AF-%D9%84%D8%AF%D9%89-%D8%B7%D9%81%D9%84/

بەپەلە