شارپرێس:
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری (PLOS Medicine) بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن شینگچی سن لە زانکۆی پزیشکیی پایتەخت لە چین و تیمەکەی ئەنجامدراوە، تیشک دەخاتە سەر گرنگیی ماوە و جۆریی خەو بۆ پاراستنی تەندروستی. ئەم توێژینەوەیە پشتی بە زانیارییەکانی 95559 بەشداربوو لە بانکی بایۆلۆجییەکەی بەریتانیا بەستووە.
بەشداربووان بۆ ماوەی 8.9 ساڵ چاودێریی کراون، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 7 ڕۆژی یەکبەدوایەک ئامێری پێوانی خەویان لە مەچەکیان بەستبوو بۆ پێوانەکردنی ماوە و قۆناغەکانی خەو، وەک خەوی قووڵ و خەوی جوڵەی خێرای چاو، لەگەڵ ڕێکخراوەیی خەو و کاتەکانی بێداربوونەوە لە شەودا.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە زیاتربوونی ماوەی خەوی جوڵەی خێرای چاو بەستراوەتەوە بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە 83 نەخۆشی، لەوانە سستبوونی دڵ، زەهایمەر و پارکینسن. هەروەها زیاتربوونی خەوی قووڵ مەترسیی تووشبوون بە 7 باری تەندروستی کەمدەکاتەوە، لەوانە شەکرەی جۆری دووەم و خەمۆکیی توند.
سەبارەت بە کاتی خەوتن، خەوتن بۆ ماوەی 6 بۆ 8 کاتژمێر کەمترین مەترسیی نەخۆشیکەوتنی هەبووە. بەپێچەوانەوە، خەوتن بۆ کەمتر لە 5 کاتژمێر مەترسیی تووشبوون بە 37 نەخۆشی جیاواز زیاد دەکات. لەلایەکی ترەوە، ناڕێکیی لە کاتی خەوتن و بێداربوونەوەی زۆر لە شەودا، پەیوەندیدار بووە بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە ڕاڕایی و ئاڵوودەبوون بە کحول و دەرمان.
توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم لێکۆڵینەوەیە تەنیا پەیوەندییەکان دەردەخات و نا سەلمێنێت کە ئایا شێوازی خەو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دروستبوون یان ڕێگری لە نەخۆشییەکان، بەڵام بەڵگەی زیاتر پێشکەش دەکات لەسەر گرنگیی خەوی بەپێز و ڕێک بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی.