شارپرێس:
ڕۆژنامەی "لیزیكو"ی فەڕەنسیی ئاماژەی بە پلانی فەرەنسا بۆ پەرەپێدانی وەشانی نوێی فڕۆکەی جەنگیی ڕافال کردووە، کە بە ناوی "سوپەر ڕافال" ناسراوە و دەکرێت توانای ئەم فڕۆکەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی وەک F-35ی ئەمریکی و J-20ی چینی بەهێزتر بکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پڕۆژەی Rafale F5 تەنها نوێکردنەوەی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی ڕافال نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی فراوان لە بزوێنەر، ڕادار، هەستەوەرەکان، سیستەمی جەنگی ئەلیکترۆنی، پەیوەندیی و چەکەکاندا دەگرێتەوە.
ئەم پەرەپێدانە لە کاتێکدا خێرا دەکرێت کە بەرنامەی سیستەمی جەنگی ئاسمانیی داهاتووی ئەورووپا (SCAF)، کە فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا تێیدا بەشدارن، بە کێشە و دواکەوتنەوە ڕووبەڕوو بۆتەوە.
ڕافال F5 بە ڕادارێکی پێشکەوتووتر و وەشانی نوێکراوەی سیستەمی SPECTRA بۆ جەنگی ئەلیکترۆنی، لەگەڵ سیستەمی پەیوەندیی پارێزراوتر، ئامادە دەکرێت. هەروەها هەستەوەرێکی بینینی پێشکەوتوو دەبێت کە دەتوانێت ئامانجە سەختەکان بدۆزێتەوە بەبێ ئەوەی پێویست بە بەکارهێنانی ڕادار بێت.
بەڵام F5 بە تەواوی فڕۆکەیەکی شەبەحیی نییە؛ بەڵکو فەرەنسا گرنگی بە تێکەڵکردنی هەستەوەرەکان، زیرەکیی دەستکرد، جەنگی ئەلیکترۆنیی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی لە کاتی ڕاستەقینەدا دەدات.
لە هەمان کاتدا، پلانەکە پشتیوانیی لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی جەنگیی شەبەح دەکات کە دەتوانێت لەگەڵ ڕافال کار بکات، هەروەها مووشەکی ئەتۆمی ASN4G و چەکی دوورمەوداش لە پڕۆژەکەدا جێ دەگیرێن.
بەم شێوەیە، F5 دەکرێت وەک قۆناغێکی نێوان ڕافالی نەوەی چوارەمی گەشەپێدراو و فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی شەشەم لەلایەن فەرەنساوە بەکاربهێنرێت.