شارپرێس:
سەرۆكی سوریا لەپەراوێزی گفتوگۆكاندا لەنیویۆرك باسی هەرێمی كوردستانى كردو دەڵێت، پەیوەندییەكی باشیان هەیە، لەبارەی كورد لەوڵاتەكەی ڕایگەیاند، ئەركی سەشانی حكومەتەكەی پێدانی مافی ڕەوای گەلی كوردە لەدوای 100 ساڵ.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا ڕاشیگەیاند، داننان بەمافە کولتوری و زمانەوانییەکانی کورد لەوڵاتەکەیدا ئەرکێکی سەرشانی حکومەتەکەی و مافێکی ڕەوای گەلی کورد بوە دوای 100 ساڵ.
ئەەوشی ئاشكراكرد، كە لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان ڕێککەوتون لەسەر ئەوەی خوێندن لەناوچە کوردنشینەکان بەزمانی کوردی بێت.
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، سوریا مێژویەکی دێرینی لەپێکەوەژیانی ئاشتییانەی فرەنەتەوەو فرەئاییندا هەیە و وتی،"کورد بەشێکن لەکۆمەڵگەی سوریاو لەناو ئەم دەوڵەتەدا دەژین. لەبەر ئەوەی بەفەرمی ناسینی مافە کولتووری و زمانەوانییەکانی کورد ئەرک و مافێکی رەوا بوو، پێش یەکخستنەوەکە مەرسومەکەمان دەرکرد و دوای 100 ساڵ پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێکرا".
سەبارەت بەخوێندنی زمانی کوردی، سەرۆکی سوریا ڕونیکردەوە، رێککەوتون لەسەر ئەوەی لەناوچە کوردنشینەکاندا بەزمانی کوردی بخوێندرێت و ئێستا تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی دارشتنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو مەرسوومەن.
شەرع هەروەها باسی لەکۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکان و یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کرد و وتی،"دوای ئەو رێککەوتنەی لەگەڵیاندا کردمان، ئێستا دەوڵەت کۆنترۆڵی تەواوی خاکی سوریا یان نزیکەی تەواوی خاکی سوریای بەدەستەوەیە".
سەرۆکی سوریا پێداگریی لەسەر جیاکردنەوەی هێزە سەربازییەکان لەهاوڵاتییانی سڤیل کردو وتیشی،"یەکخستنەوەکە پەیوەندیی بەگروپێکی چەکداری دیاریکراوەوە هەبوو، نەک کۆمەڵگەی کورد؛ جیاکردنەوەی ئەم دوانە زۆر گرنگە، چونکە ئەو گروپە چەکدارە نوێنەرایەتیی سەرجەم خەڵکی کورد ناکات".
لەبارەی هەرێمەوە جەختی كردەوە، كە پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر باشەو بەرژەوەندی هاوبەشی گەورەیان پێكەوە هەیە، لەوانە ئابوری و سیاسی و ئەمنی.