شارپرێس:
سەرۆك وەزیرانی عێراق لەئەمریكاوە ڕێككەوتنێكی نوێی نەوتی واژۆ كردو ڕایگەیاند، چەند كێڵگەیەكی نوێ پەرەپێدەدەین.
عەلی زەیدیی، لەشاری نیویۆرک چاوی بەڕوس پیرۆت، سەرۆکی ئەنجومەنی ئیدارەی کۆمپانیای HKNی ئەمریکی و شاندێکی یاوەری کەوت، کە کۆمپانیایەکی تایبەتمەندە لەبواری گەڕان و پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گاز.
بەپگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لەمیانی کۆبونەوەکەدا کە دوای نیوەشەوی سێشەممە بەکاتی بەغدا لە 23ی ئەیلولی 2026 بەڕێوەچوە، زەیدیی داوای لەکۆمپانیا ئەمریکییەکە کردوە هەوڵەکانیان دوهێندە بکەنەوە و هەنگاوەکانیان خێراتر بکەن، لەگەڵ زیادکردنی کاتژمێرەکانی جێبەجێکردن بۆ ئەوەی بەزوترین کات پابەندییە گرێبەستییەکانیان لەعێراق تەواو بکەن، بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەبەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەوە.
سەرۆک وەزیران جەختی لەسوربونی حکومەت کردوەتەوە بۆ سازکردنی کۆنفرانسی بەغدا بۆ وزە، کە تێیدا ڕاگەیاندنی ناوچە گەڕانییە نوێیەکان لەعێراق دەخرێنەڕوو، ئەمەش دەرفەتێکی گرنگی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا گەورەکانی جیهان دەڕەخسێنێت، هەروەها ڕونیکردەوە کە حکومەت بەردەوامە لەکارکردن بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکان و چارەسەری ئەو گرفتانەی دەبنە هۆی درەنگکەوتنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و پەکی پابەندبونی کۆمپانیاکان دەخەن.
شاندی کۆمپانیای HKNی ئەمریکی ئامادەیی تەواوی خۆیان نیشاندا بۆ هەماهەنگیی بەردەوام، زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارو بەرزکردنەوەی خێرایی پرۆسەی جێبەجێکردن، بەجۆرێک کە گەیشتن بەئامانجە دیاریکراوەکان و پابەندبونەکان مسۆگەر بکات.
