ترەمپ جارێکی تر کاتی کۆتایی هاتنی جەنگی ئێران ڕادەگەیەنێت

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 153 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە جەنگ لەگەڵ ئێران دەتوانێت پێش یان دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولیی کۆتایی پێ بێت، لە کاتێکدا واشنتۆن ئاشکرای کردووە کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، گفتوگۆی درێژخایەن لەگەڵ نوێنەرانی ئێران کراوە.

 
ترامپ لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، وتی هێرشەکانی ئەمریکا ڕێگرییان لە دەستپێگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوەکیی کردووە و زیانی گەورەیان بە ئابووریی ئێران گەیاندووە. ئەو هەروەها وتویەتی واشنتۆن کار دەکات بۆ تەواو گەمارۆدان و دابڕینی ئابووریی ئێران، بە مەبەستی فشارخستنە سەر تاران بۆ گۆڕینی هەڵوێستی و گەیشتن بە ڕێککەوتن.

ترامپ لە وتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژەی بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولیی کرد و وتی دەبێت بڕیارێکی گەورە لەبارەی بەردەوامبوون لە ڕێگای دیالۆگ یان توندکردنەوەی ملمێلانێ لەگەڵ تاران بدات.

لە بەرامبەردا، ستێڤ ویتکۆف، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران لە ڕێگەی ناوبژیوانەوە گفتوگۆی درێژیان کردووە. بە وتەی ئەو، ناوبژیوانەکان لە نێوان هەردوو لایەن هاتوچۆیان کردووە و جۆرێک لە پێشکەوتن لە گفتوگۆکاندا بەدەستهاتووە.

لە لایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە تاران مەرجەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورموز بە لایەنی ئەمریکیدا گەیاندووە. لەوانەش هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی، ئازادکردنی سامانە ببلۆککراوەکانی ئێران و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان.

بەپێی ڕاپۆرتێکی "ئیسرائیل هیوم"، گفتوگۆکان نەبوونەتە هۆی ڕێککەوتن لەسەر زۆربەی خاڵە ناکۆکەکان، بەڵام ئەگەری کۆبوونەوەیەکی دیکە لە ڕۆژانی داهاتوودا هەیە.

بەم شێوەیە، هەرچەندە پەیوەندییە سیاسییەکان لەنێوان واشنتۆن و تاران دووبارە دەستیان پێکردووە، بەڵام جیاوازییە سەرەکییەکان هێشتا بەردەوامن و گفتوگۆکانی نیویۆرک تا ئێستا نەبوونەتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ وەستاندنی جەنگ.