شارپرێس:
ئیلون ماسک، میلیاردێری ئەمریکی، پێشبینی کردووە کە لە داهاتوودا زۆربەی خەڵک داهاتێکی بەرزیان دەبێت و بە تێپەڕبوونی کات، گرنگی پارە و کار کەم دەبێتەوە؛ ئەمەش بەهۆی گەشەی تواناکانی ئابووریی و بەرهەمهێنانە.
ماسک لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ "China Media Group” کە هەینی ئەنجامیدا، ڕوونی کردۆتەوە کە ئەگەر ئابووریی جیهان بتوانێت بە ئاستێک فراوان بێت کە بەرهەمی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان زۆر لە پێداویستییەکانی دانیشتووانی زەوی زیاتر بێت، مرۆڤایەتیی دەچێتە ناو ئەوەی بە "سەردەمی دەوڵەمەندی" ناوی دەبات؛ واتە سەرچاوەکان لە پێویستییەکانی بەکارهێنان زیاتر دەبن.
ئەو هەروەک وتویەتی تێگەیشتن لەو داهاتووە ئاسان نییە، چونکە مێژووی مرۆڤایەتیی هەمیشە لەگەڵ کەمی و سنوورداریی بەستراوەتەوە. مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ ڕووبەڕووی کەمیی خواردن، گەرمبوونەوە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بووە.
سەرۆکی کۆمپانیاکانی "تێسلا" و "سپەیسئێکس" لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار هۆشداریی داوە کە گەشەی خێرای زیرەکیی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان دەتوانێت بازاڕی کار و سروشتی پیشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتیی بگۆڕێت، چونکە ئامێرەکان دەتوانن بەشێکی زۆر لە کارەکانی ئەمڕۆی مرۆڤەکان ئەنجام بدەن.
ماسک پێیوایە ئۆتۆماتیککردن و زیرەکیی دەستکرد دەتوانن کاڵا و خزمەتگوزاریی بە بڕێکی زۆر و بە تێچووی کەم بەردەست بکەن و گرنگی داهاتی نەریتیی کەم بکەنەوە. ئەو پێشتر پشتگیریی لە گفتوگۆ لەبارەی داهاتی بنەڕەتیی گشتیش کردووە.
ئەم قسانەی ماسک لە کاتێکدا دێن کە جیهان بە خێرایی بەرەو پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکرد دەچێت و گفتوگۆ لەسەر کاریگەریی ئەو تەکنەلۆژییە لە ئابووریی، بەرهەمهێنان و داهاتووی کارەکان بەردەوامە.