شارپرێس:
ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، گوشارە ئابورییەکان و سزاکانی سەر کەرتی دارایی و فڕۆکەوانیی ئەو وڵاتە چڕتردەکاتەوەو چەندین وڵاتیش گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ تاران هەڵپەساردوە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەهەژماری تایبەتیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردوەتەوە، دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری و سەپاندنی ڕێکارە داراییەکان بەسەر ئێراندا، ئەمریکا شاندی ناردوەتە وڵاتانی جیهان؛ وەک ئەنجامێکیش تورکیاو عومان گەشتەکانی کۆمپانیای (ماهان ئێری)ـان ڕاگرتوەو ئیماراتیش تەواوی گەشتی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئێرانی بۆ وڵاتەکەی هەڵپەساردوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە گوشارەکانیان کاریگەریی گەورەیان هەبوەو تەنانەت سەرکردایەتیی ئێرانیش دانیان بەکاریگەرییە قورسەکانی ئەو جەنگە ئابورییەدا ناوە.