شارپرێس:
وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 کۆتایی هاتوەو بەمەبەستی تاوتوێکردن ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوری کراوە.
وەزارەتی دارایی عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاند، دوای تەواوبونی قۆناغەکانی ئامادەکردنی، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوری کراوە.
ڕونیش کراوەتەوە، ئەمەش بەرهەمی کۆبونەوە بەردەوامەکانی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجە بوە بەسەرپەرشتیی فالح ساری وەزیری دارایی، بەمیوانداریکردنی نوێنەرانی وەزارەتەکان، هەرێمی کوردستان، پارێزگاکان و ڕاوێژکردن بەشارەزایانی دارایی لەناوخۆ و دەرەوەی عێراق.
فالح ساری وەزیری دارایی عێراق، ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان لەکاتی دیاریکراودا پابەندبونەکانی خۆی لەئامادەکردنی پڕۆژەکە جێبەجێ کردوە. باسی لەوە کرد، ئامادەکردنی بودجەکە جێبەجێکردنی پلەبەپلەی سیستمی "بودجەی بەرنامە و کارایی" بۆ کەرتی کارەباو پارێزگاکانی دیوانییە و سەڵاحەددین لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەوەی تەرخانکراوە داراییەکان بە ئامانج و ئەنجامەکانەوە ببەسترێنەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی لەسەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو، پڕۆژەکە ڕەچاوی پێشینەکانی کارنامەی حکومەت، گۆڕانکارییە ئابوری و داراییەکان و پێداویستییەکانی چینەکانی کۆمەڵگەی کردوە لەچوارچێوەی توانای دارایی بەردەستدا. هەروەها تیشکی خستوەتە سەر زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان و چەسپاندنی رێکخستنی دارایی.
