لەجیابونەوەوە بۆ داخستن.. لەناو کەناڵی زوم چی دەگوزەرێ؟

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1735 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای چەند کاتژمێرێک لەجیابونەوەو وازهێنانی بەشێک لەکارمەندانی کەناڵی ئاسمانی زوم، لدرەنگانی شەوی رابردوو سەرجەم پەڕەی فەرمییەکانی کەناڵەکە لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هاککران و داخران، سەنتەری میترۆش پەیامی هەیە.


ئێوارەی دوێنێ پینجشەممە، ژمارەیەک رۆژنامەنوس و کارمەندی کەناڵی ئاسمانی زوم لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد،" پاش تێپەڕبونی زیاتر لەساڵێک لە چاوەڕوانی و راگرتنی پەخشی کەناڵەکە و بێبەشکردنمان لە مافی بەردەوامیدان بە کارەکانمان، تا ئێستا لە چاوەڕوانی چارەسەری کێشەکەماندا ماوینەتەوە ".

بەشێک نەبوین لەهیچ گەمەیەکی سیاسی
ئەو کارمەندانی کەناڵی زوم باسیان لەوەشکرد،" ئێمە بەهیچ شێوەیەک بەشێک نەبوین و نابین لەهیچ گەمەیەکی سیاسی، ململانێی حزبی، یان دەستوەردان و ئەجێندای کەسانێک لەناو دەزگای هەواڵگری لەیەنێکی دیکراو، کاری ئێمە تەنها جێبەجێکردنی ئەرکی پیشەیی رۆژنامەوانی بوە بەپێی پێوەرە ئەخلاقی و سەندیکاییەکانەکان ".

لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو،" بۆمان دەرکەوتوە کە لە دوای داخستنی کەناڵی زوم دەرفەت هەبوە بۆ دەستپێکردنەوەی پەخشی کەناڵەکە، بەڵام بەداخەوە بەرژەوەندی دەستکەوتی کەسی کراوەتە بنەمای چارەسەر، بەڕێوەبەری کەناڵەکە بەهەر هۆکارێک بوبێت، نەیویستوە یان نەیتوانیوە دەرفەتەکان بقۆزێتەوەو دەیان کارمەند و رۆژنامەنوس بگەڕێنێتەوە سەر کارەکانیان، بۆیە ئێمە چیتر لەو دەزگایە بەردەوام نابیت و ئازادین لە هەر دەزگایەکی تری میدیایی کار بکەین ".

زوم داوای نەکردوە کارمەندانەکانی بە دیار وێرانەیەکەوە دانیشن
هەر دوێنێ، سەنتەری میترۆ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند،" بەناوی کۆمەڵێک رۆژنامەنوسی کەناڵی زوم راگەیەنراوێک بڵاوکرایەوە، ئێمە چەند هەفتەیەکە پشتی پەردەی ئەم چیرۆکە دەزانین، ئاساییە هەر ئەندامێکیان یا کۆمەڵێک لەو میدیاکارانەی زوم دەزگایەکی تری میدیا بۆ خۆیان دروستبکەن، یان وەک ئەوەی دەیبینین کۆمەڵێک کارمەندی تری ئەو دەزگایە، کارییان دۆزیوەتەوە ".

سەنتەری میترۆ دەڵێت،" ئەم بەڕێزانە دەزگا دروستدەکەن، کاریان دۆزیوەتەوە یا کارییان بۆ دۆزراوەتەوە هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخواین، پێمان خۆش نییە یەک ڕۆژنامەنوسی کوردستان بێکار بن، بەڵام ئەمە کۆتایی چیرۆکەکە نییە، کارێکی نایاسایی وەک داگیرکردنی ستۆدیۆی کەناڵێک، شکاندنی کەلوپەلەکانی و قەرەبوونەكردنەوەی ناشارێتەوە ".

لەڕاگەیەنراوەکەی سەنتەری میترۆ ئەوەش هاتوە،" پێمانخۆش دەبوو هەموو کارمەندانی زوم لە دەزگاکەی خۆیان ئازادانە کار بکەن، کە ئەمە نەکراو دەزگاکە بەو هۆکارانەی باسکرا، نەتوانێ وەک جاران کاری خۆی بکات، وەک میترۆ ئاگادارە زوم داوای نەکردوە کارمەندانی بەڕێزی ئەو کەناڵە بە دیار وێرانەیەکەوە دانیشن کە ستۆدیۆیەکەی چەکدار داگیریكردوە، ئەوی تری بوە بە کۆگایی کەلوپەلی رۆژنامەوانی شکاو، دەبوو گوێبیستی چیرۆکێکی تر بین، چیرۆکێک کە ڕێز بۆ یاسا و ئازادی  رۆژنامەگەری بگەڕێتەوە، ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە ".

"ئازادی باش .."
ئەمڕۆ هەینی، هێمن مەحمود، بەڕێوەبەری کەناڵی زوم لەهەژماری فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەبڵاوکراوەیەکدا نوسیویەتی،" ئازادی باش ..هێرشی ئەلیكترۆنی كراوەتە سەر پەڕەی فەڕمی كەناڵی زوم، سڕاوەتەوە ".

کەناڵی زومی نزیک لە لاهور شێخ جەنگیی لە ساڵی 2024 دەستی بە پەخشی ئاسمانی کرد و دوای نزیکەی یەک ساڵ کارکردن، لە 22ی ئابی 2025 و پاش روداوەکانی لالەزار بارەگای کەناڵەکە داخرا و پەخشەکەی راگیرا.