پەروین بوڵدان هۆشداری لەهەستیاری دۆخەكە دەدات و داوای هەنگاوی بەپەلە لەتوركیا دەكات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 214 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەروین بوڵدان ڕایگەیاند, پرۆسەی نوێی ئاشتی لەتورکیا بەئاراستەیەکی باشدا دەڕوات، دەشڵێت، بۆ رێگری لەگەیشتن بەبنبەست پێویستە تورکیا هەنگاوی بەپەلە بنێت.


پەروین بوڵدان، پەرلەمانتارو ئەندامی شاندی ئیمراڵی، سەبارەت بەدواین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی لەلێدوانێکدا بۆ میدیاکانی نزیک لەدەمپارتی ڕایگەیاند، تاوەکو ئەم قۆناغە ڕەوتی پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام پێویستە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەنگاوی کرداری بنێن، چونکە پرۆسەی ئاشتی تەنیا بەیەک لایەن سەرناکەوێت.

بوڵدان ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا (مەگەکە) پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی بەفەرمی پەسەند بکات و یاسای تایبەت بەچارەسەری بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هاوکات داوای کرد دەستبەجێ سیستمی دانانی قەیوم لەسەر شارەوانییە کوردییەکان هەڵبوەشێندرێتەوەو بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بەئازادکردنی زیندانیانی سیاسی جێبەجێ بکرێن.

سەبارەت بەدۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەئیمراڵی، پەروین بوڵدان جەختی کردەوە: تا چەند دەستی ئۆجەلان بۆ دیداری سیاسی و پەیوەندی بەستن و چالاکی ئاوەڵا بێت، بەهەمان ئاست دەتوانێت رۆڵی کاریگەرتری خۆی لەسەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا بگێڕێت.

ئاشکرایکرد، هەر لەم مانگەدا هەندێک هەنگاوی کرداری لەسەر دۆسیەی ئیمراڵی و دیدارەکان دەنرێت و هەنگاوی کرداری بۆ دۆسیەی ئۆجەلان دەنرێت.