شارپرێس:
ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران، مەرجێکی نوێی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی کاری پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی خستوەتەڕوو.
وەحید ئەحمەدی، ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لەپەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند، دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان تەنیا لەدوای دەرکردنی بەیاننامەیەکی فەرمیی ئاژانسەکە دەبێت، تیایدا دڵنیایی بدات لەپاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و زانایانی ئێران.
وەحید ئەحمەدی، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی تەلەفزیۆنی SNN وتی،"بەگوێرەی پەیڕەوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، پێویستە هەموو ناوەندە ئەتۆمییەکانی سەر بەوڵاتانی ئەندام لەرێککەوتنی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی پارێزراو بن و نابێت ڕوبەڕوی هیچ هێرشێک ببنەوە".
ئەوەشی خستەڕوو دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو ئاژانسە نێودەوڵەتییە بەتەواوی هەڵپەساردوە.
ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بەو پرسە وتی، "هەموو جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕاگیراوە.
ئەم هەڵپەساردنە پشکنینەکان و هەموو جۆرەکانی دیکەی مامەڵەکردنیش دەگرێتەوە".
بەوتەی وەحید ئەحمەدی، تاران تەنیا لەدوای جێبەجێکردنی ئەو مەرجە ڕونە دەگەڕێتەوە بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ ئاژانسەکەدا.
هەروەها وتوشیەتی، دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان و هاوکاری لەگەڵ ئاژانسەکە تەنیا کاتێک دەبێت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەفەرمی ڕایدەگەیەنێت مەرجە پێویستەکانی بۆ ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و سەلامەتیی زانایانی ئەتۆمی لەئێران دابین کردوە".