شارپرێس:
هاوکات لەگەڵ بنبەستبونی
گفتوگۆکانی نێوان تارانو واشنتۆن لەسەر پرسی کردنەوەی گەروی هورمزو کاتنامەی جێبەجێکردنی
بەڵێنەکان، بنکەی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان زەنگی مەترسیی تەقینەوەی جەنگێکی نوێ
لێدەدەن؛ لەکاتێکدا ئەمریکا نۆ هەزار سەربازی دیكهو سێیەمین فڕۆکەهەڵگر ڕەوانەی
ناوچەکە دەکات، ئێرانیش هۆشداریی شۆکی گەورەو کردنەوەی بەرەی نوێ ڕادهگهیهنێتو
دهڵێت، "تا گەمارۆی دەریایی لانەبرێت، هورمز بەداخراوی دەمێنێتەوە".
تەقینەوەی گرژییە سیاسیىو
سەربازییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران، لەناو هاوکێشەی جەنگی دەریاییو گەمارۆ ئابورییەکاندا
پێدەنێتە قۆناغێکی زۆر هەستیارهوه، لەکاتێکدا دەنگی تەپڵی شەڕ لەناوچەکەدا زیاتر
دهنگى بەرزدەبێتەوە، پڕۆسەی وتوێژە دیپلۆماسییەکانیش لەژێر سێبەری بۆردومانکردنی
بەردەوامی نەوتهەڵگرەکانو ناكۆكى لەسەر گەروی هورمز توشی بنبەستێکی قورس بوە.
تاران کردنەوەی گەروەکە
بەکۆتاییهاتنی گەمارۆکانو جەنگەوە گرێدەدات، لەکاتێکدا واشنتۆن داوای سازشی ئەتۆمی
دەکاتو پێیوایە، کاتی ڕاگرتنی گوشارەکان نەهاتوە، ئەمەش وایکردوە، هەردولا خۆیان
بۆ ئەگەری گەڕانەوە بۆ ناو جەنگێکی گشتگیر ئامادەبکەن.
لەسەر ئاستی وتوێژەکان،
کێشەی سەرەکی بۆ کاتنامەو ڕێزبەندیی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانو پاشەڕۆژی بەرنامە ئەتۆمییەکە
دەگەڕێتەوە، ئەسکەندەر موئمینی وەزیری ناوخۆی ئێران بەفەرمی گەیشتوەتە دەوحەی پایتەختی
قەتەر تا وەڵامی توندی تاران ڕادەستی ناوبژیوانی قەتەری بکاتو پەیامی ڕاستەوخۆی سەرۆک
کۆمار بگەیەنێتە ئەمیری قەتەر.
بهگوێرهى زانیارییە
دزەپێکراوەکان، ئێران لەپڕۆژەیاسایەکی حەوت ڕۆژەدا پێشنیازیکردوە کە لەئەگەری
لادانی گەمارۆی دەریاییو سەربازیی ئەمریکا، لەماوەی حەوت ڕۆژدا گەروی هورمز دەکاتەوە،
قەتەریش لەم چوارچێوەیەدا هەوڵی گەڕاندنەوەی لایەنەکان بۆ ڕێککەوتنی پێشوی ئیسلام
ئاباد دەدات، بەڵام محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندوە،
هورمز بەداخراوی دەمێنێتەوە تا مەرجەکانی ئێران قبوڵنەکرێن.
لاى خۆیشیهوه واشنتۆن
مەرجی پێشوەختەی ئەتۆمی دادەنێتو تارانیش پێیوایە بەبێ لادانی گوشارەکان، پێشکەشکردنی
سازش دەچێتە ناو خولێکی بهتاڵو هیچهوه.
هاوكات لەگەڵ داخرانی
دەرگاکانی دیپلۆماسی، ئەمریکا پڕۆسەی ڕەوانەکردنی هێزی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێراکردوە؛
بەجۆرێک کە نۆ هەزار سەربازی نوێ لەچوارچێوەی کۆمەڵە کەشتیی جەنگیو فڕۆکەهەڵگری (ڕۆزڤێڵت)و
گروپی ئاوی-زەمینیی (ماکین ئایلاند) بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتون، کە ژمارەی فڕۆکەهەڵگرەکانی
ئەمریکا لەناوچەکەدا تا مانگی تشرینی دوەم دەگەیەنێتە سێ فڕۆکەهەڵگرو بهگوێرهى ڕاپۆرتی
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس-یش، ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لەناوچەکەدا لە 20 هەزار کەس
تێپەڕدەبێت.
ئەم پێشهاتە سەربازییە
نیشانەی ئامادەکاریی فەرمیی دۆناڵد ترەمپە بۆ بژاردەی سەربازیی دوای هەڵبژاردنەکانی
ناوەڕاستی خول، بەوپێیەی ترەمپ گەڵاڵەی ئاگربرستی ئێرانی بەناتەواو وەسفکردوەو کابینەکەی
لەکەمپ دەیڤد بۆ تاووتوێکردنی پاشەڕۆژی جەنگەکە کۆبونەوهیهكى نهێنى سازكردوه.
لەبەرامبەردا، موحسین ڕەزایی
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەسەکۆی ئێكس نوسیویهتى،
"لەئەگەری هەر هێرشێکی نوێدا، ئەمریکا ڕوبەڕوی بەرەی نوێی جەنگو شۆک و غافڵگیریی
زۆر گەورەتر دەبێتەوە".
لەسەر ئاستی ئابوریی،
داتاکانی دامەزراوەکانی (کێپلەرو ڤۆرتێکسا) نیشاندەدەن کە هەناردەی نەوتی کەنداو لەمانگی
ئەیلولدا گەیشتوەتە زیاتر لە81 لەسەدی قۆناغی پێش جەنگو لەهەندێک ڕۆژدا لە18 ملیۆن
بەرمیل لەڕۆژێکدا تێپەڕیکردوە، ئەمریکاش ئەمە وەک لاوازبونی کارتی گوشاری ئێران لەهورمز
تەماشا دەکات؛ بەڵام ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرایدەکات، نرخی نەوت هێشتا لەسەروی 100 دۆلارەو
بەڕێژەی 40 لەسەد بەرزترە لەپێش جەنگ، تەنها لەهەفتەی یەکەمی تشرینی یەکەمدا، حهوت
هێرشی چەکداریی بۆسەر نەوتهەڵگرەکان تۆمارکراوە کە تێچوی دڵنیایی (بیمە)و گواستنەوەی
دەریایی زۆر قورسکردوە.
لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی
پهیوەندییە دەرەکییەکانی ئەمریکا هۆشداریدەدەن، بەرزبونەوەی هەناردەی نەوت بەواتای
پاشەکشەی تاران نییە، چونکە فشارە ئابورییەکە یەک لایەنە نییە؛ دەوڵەتی ترەمپ بۆ کۆنترۆڵکردنی
نرخی سوتەمەنی پەنای بردوەتەبەر بەتاڵکردنی کۆگا ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی، وڵاتانی
کۆمەڵەی حەوت (G7) ڕازیبون بەخەرجکردنی 100 ملیۆن بەرمیل نەوت لەکۆگا ناچارییەکانیان.
چاودێرانیش پێیانوایه،
ئەم واقیعە نوێیە نیشاندەدات کە ناوچەکە گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، بەڵام بەو جیاوازییەی
کە هەردولا ئەزمونی چەندین مانگ جەنگی قورسیان هەیە؛ ئێران دەزانێت کە توانای لێدانی
بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای هەیەو واشنتۆنیش تێگەیشتوە کە گەمارۆ ناتوانێت تاران بەبێ
سازش تەسلیم بکات، ڕۆژانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن کە ئایا ناوبژیوانیی قەتەر دەتوانێت
هاوكاربێت بۆ لادانی گەمارۆکانو کردنەوەی هورمز، یان بازنەی ململانێکان تەواوی
ناوچەکە دهخاته ناو ئاگرەوە.
