بۆ ململانێی یاسای بودجەی 2027؛ وه‌فدێكى باڵای هەرێم بەمەرجی سەرەکیی جێگیرکردنی موچەو سڕینەوەی ‌خەرجیی ڕاستەقینە‌ دەچێتە بەغدا

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2242 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە وه‌فدێكى باڵای پێکهاتوو لەسەرۆکی دیوان، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران‌و نوێنەرانی وەزارەتە سەرەکییەکان دەگەنە بەغدا؛ ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە، یەکلاکردنەوەی پشکی دارایی هەرێمە لەپڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی ساڵی 2027، بەجۆرێک کە وه‌فدى کوردی جەخت لەسەر دورخستنەوەی یەکجاریی موچە لەکۆتوبەندی ‌خەرجیی ڕاستەقینە‌و هاوتاکردنی تەواوەتی مافەکانیان لەگەڵ ناوچەکانی دیكه‌ عێراقدا دەکاتەوە.


دانوساندنە سیاسیى‌و داراییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەروبەندی ئامادەکردنی بودجەی ساڵی داهاتوی عێراقدا دەچنە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەتی هەرێم ئاشکرایکرد، لەچوارچێوەی بەردەوامبونی وتوێژەکان سەبارەت بەجێگیرکردنی ماف‌و شایستە داراییەکانی هەرێم لەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027، بڕیارە سبەی چوارشەممە وه‌فدێكى باڵاو نیشتمانیی دانوستانکار بەرەو بەغدا بەڕێبکەوێت.

به‌گوێره‌ى بەیاننامە فەرمییەکە، ئەم وه‌فده‌ باڵایە لەسەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجەو ژمێرکاریی لەوەزارەتی دارایی‌و ئابوری، لەگەڵ نوێنەری فەرمیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێکهاتوە.

وه‌فدى هەرێم لەماوەی ئەم سەردانەدا، بەهاوکاریی‌و هەماهەنگی لەگەڵ تەواوی نوێنەرە کوردستانییەکانی ناو دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، زنجیرەیەک کۆبونەوەی قورس لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەنجامدەدات بۆ گەیشتن بەتێگەیشتنێکی دادپەروەرانە.

وه‌فدى دانوستانکاری هەرێم لەم خولەی گفتوگۆکاندا بەڕونی جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییە دارایی‌و نەوتییەکانی خۆی لەبەرامبەر حکومەتی فیدراڵیدا بەڕێکوپێکی جێبەجێکردوەو بۆ ساڵی 2027یش لەسەر ئەم بنەمایە بەردەوامدەبێت؛ ئەمەش بەو ئامانجەی کە هیچ بەهانە، ڕێگر یان هۆکارێک بۆ دواخستن، کەمکردنەوە یان ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە نەمێنێتەوە.

وه‌كو فه‌رمانگه‌ى میدیاو زانیاریى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم ڕونیكردوه‌ته‌وه‌، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی وه‌فده‌كه‌ پانتاییەکی بەرفراوان لەخۆدەگرێت، کە دیارترینیان بریتین لەموچە، جه‌ختده‌كرێته‌وه‌ له‌سه‌ر دابینکردنی موچەی تەواوەتی فەرمانبەران، موچەخۆران، هێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایشی ناوخۆ، خانەنشینان، زیندانیانی سیاسیى، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان‌و سودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی.

هه‌روه‌ها، کەرتی کارگێڕیی‌و پڕۆژەکان، بۆ ئه‌مه‌ش داواى جێگیرکردنی شایستەکانی هەرێم لەخشتەکانی میلاک‌و پلەی وەزیفی، خەرجییەکانی بەکاربردن، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان‌و خەرجییەکانی حاکیمەو سیادى ده‌كرێت.

بابه‌تێكى دیكه‌ هاوتاکردنی یاسایی‌و سڕینەوەی ‌خەرجیی ڕاستەقینە‌یه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم سەردانەدا ستراتیژییەکی توند په‌یڕەو دەکات کە ئەویش جێگیرکردنی فەرمی‌و یاسایی تەواوی شایستەکانە لەناو دەقی یاسای بودجەی 2027دا، بەشێوازێک کە هاوڵاتیان‌و موچەخۆرانی هەرێم لەڕوی وەرگرتنی مافەکانیانەوە بەتەواوی هاوتابن لەگەڵ هاوڵاتیانی ناوچەکانی دیكه‌ى عێراقدا، ڕێک وەک ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبڕیارەکانیدا جێگیریکردوە.

وه‌فده‌كه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌ کە دۆسیەی موچەو شایستە داراییە بنەڕەتییەکانی خەڵک بەتەواوی لەپێوەری ئاڵۆزی "خەرجیی ڕاستەقینە ـ الإنفاق الفعلی)و هەر جۆرە کۆتوبەندێکی دیكه‌ى سیاسیى دوربخرێتەوەو لەناو یاسای بودجەی فیدراڵیدا ڕێڕەوو میکانیزمێکی ڕون، جێگیرو هەمیشەیی بۆ دابینکردن‌و ناردنی ڕاستەوخۆی مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابنرێت تا پاشەڕۆژی بژێویی هاوڵاتیان نەکەوێتە بەر مەترسیی ململانێکان.