شارپرێس:
لەپێشهاتێکی سەربازیی
زۆر گرنگدا بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هێزی بەرگریی وڵات، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری
ئێران، مێهرداد ئەخلاقی کتێبچی یەکێک لەدیارترینو دێرینترین ئەندازیارو بەڕێوەبەرانی
پیشەسازیی واڵاییو موشەکیی وڵاتەکەی وەک كاندیدى فەرمی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی
بەرگریی بەپەرلەمان ناساند؛ ئەم بڕیارە کتوپڕە دوای کوژرانی وەزیری پێشوو، عەزیز نەسیریزادە
لەناو شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلدا دێتو تاران دەیەوێت لەڕێگەی
ئەم پیاوەی لیستی ڕەشی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە، پێگەی سەربازیی خۆی پتەوبکاتەوە.
پێکهاتەی سەربازییو
کارگێڕیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای لێکەوتەکانی جەنگی ئەمدواییە بەرەو گۆڕانکاریی
جۆرییو خێرا هەنگاو دەنێت، ئاژانسی فەرمیی هەواڵەکانی ئێران (ئیرنا) بەفەرمی
ئاشكرایكرد، نامەی مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ناساندنی مێهرداد ئەخلاقی
کتێبچی وەک وەزیری نوێی پێشنیازکراو بۆ وەزارەتی بەرگرییو پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان
گەیشتوەتە دەست سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان)و ڕێڕەوی یاسایی بۆ
وەرگرتنی دەنگی متمانە دەستیپێکردوە.
ئەم جوڵە کتوپڕە دوای
ئەوەدێت، پۆستی باڵای وەزارەتی بەرگریی بەهۆی کوژرانی عەزیز نەسیریزادە وەزیری پێشوو،
بەبەتاڵی مابوەوە کە لەسەرەتای جەنگەکەداو لەناو هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی
واشنتۆنو تەلئەبیبدا گیانی لەدەستدابوو.
پزیشکیان بەدەستنیشانکردنی
ئەخلاقی دەیەوێت جڵەوی هێزە چەکدارەکان بداتە دەست کارەکتەرێک کە تەواوی ژیانی پیشەییی
خۆی لەناو گرنگترینو هەستیارترین جومگە جەنگیو پیشەسازییەکانی وڵاتدا بەڕێکردوە.
مێهرداد ئەخلاقی خاوەن
کارنامەیەکی قورسی سەربازییو تەکنیکییە لەناوجەرگەی دەسەڵاتی تاراندا، ناوبراو لەساڵی
2014دا بەفەرمانی حسێن دەهقان وەزیری ئەوکاتەی بەرگریی، وەک بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی
پیشەسازیی واڵایی (سازمان صنایع هوافچا) دەستنیشانکرا کە گرنگترین مۆڵگەی پەرەپێدانی
کەرەستە بەرگرییو ئاسمانییەکانەو لەو پۆستەدا جێگەی مەهدی فەرحی گرتەوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن،
ئەخلاقی، ئەزمونی خۆی لەنزمترین ئاستەکانی کارگێڕییەوە تا باڵاترین پێگە لەناو ئەو
ڕێکخراوەو پیشەسازییە چەکدارییە ژێرزەمینییانەدا بەدەستهێناوە.
جیا لەم پۆستە باڵایە،
هۆکاری سەرەکیی ناسراویو بایەخی ئەخلاقی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ سەرۆکایەتیکردنی
گروپی پیشەسازیی شەهید باقری دەگەڕێتەوە، ناوی ئەو كاندیده نوێیەی وەزارەتی بەرگریی
بەهۆی ڕۆڵه ناوەکییەکەی لەپەرەپێدانی سیستمی بەرگرییو تاقیکردنەوە سەربازییەکاندا،
ڕاستەوخۆ لەناو بەڵگەنامە فەرمییەکانی گەمارۆ (سزا) نێودەوڵەتییەکانی سەر بەرنامەی
موشەکیی ئێراندا هاتوەو ناوی لەناو لیستی ڕەشی واشنتۆندا جێگیرکراوە.
خاڵی سەرنجڕاکێش لەژیاننامەی
مێهرداد ئەخلاقیدا ئەوەیە کە میدیا فەرمییەکانی ناوخۆی ئێران، تەواوی زانیارییە کەسییەکانی
وەک تەمەن، ڕێککەوتو شوێنی لەدایکبون، بڕوانامەی زانکۆییو تەنانەت بواری خوێندنەکەشیان
بەتەواوی بەشێوازێکی تەمومژاویو شاردراوە هێشتوەتەوە؛ ئەمەش بەهۆی سروشتی کارە ئەمنیو
هەواڵگرییەکانی ناوبراوە لەماوەی چەندین دەیەی ڕابردودا.
ئەوەی لەسەر کارنامەی
ئەخلاقی پشتڕاستکراوەتەوە، تەنها لایەنە پیشەییو پیشەسازییەکەیەتی لەبواری گەشەپێدانی
کەرەستە جەنگییەکانو چاودێریکردنی کۆمەڵە جیاوازەکانی وەزارەتی بەرگریی.
پەرلەمانی ئێران لەڕۆژانی
داهاتودا پێداچونەوە بەبەرنامە پێشنیازکراوەکانی ئەخلاقیدا دەکات بۆ دەنگدان لەسەر
متمانەپێدانی؛ چاودێرانیش پێیانوایە، سەرکهوتنی ئەم پیاوە موشەکییە بۆ سەر لوتکەی
وەزارەتی بەرگریی، ئاماژەیەکی ڕونی تارانە بۆ بەهێزکردنی کەرتی بەرپەرچدانەوەی
ئاسمانیو موشەکی لەقۆناغی داهاتوی جەنگەکەدا.
