ڤانس تاکە مەرجی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگی ئێران ئاشکرادەکات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2247 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جەی.دی. ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە ئێران دەبێت تواناکانی بۆ پیتاندنی يۆرانیۆم بە شێوەیەکی "بنەڕەتی" کەم بکاتەوە، و جەختی کردەوە کە واشنتۆن پێش گەیشتن بە هەر ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان دوو وڵات، هەنگاوی کرداری لەلایەن تارانەوە دەوێت.

ڤانس، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئەسۆشیەیتد پرێس، وتی هەر ڕێککەوتنێکی گریمانکراو دەبێت کەمکردنەوەی ڕاستەوخۆی تواناکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەخۆ بگرێت، نەک تەنیا بەڵێنی داهاتوو سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی. 

ناوبراو پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئەگەر ئێران مەبەستی درووستکردنی چەکی ناوەکی نییە، بۆچی پێویستی بە سووتەمەنی پیتراو بە ڕێژەی 60% هەیە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە واشنتۆن هێشتا ئامادەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، بەڵام داوای "هەنگاوی کرداری" دەکات و وتی: "ئێمە قسە بە کردار ناگۆڕین".

ڤانس هەروەک ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتۆن هێشتا دڵنیانییەکی تەواوی نییە لە شێوازی بڕیاردان لە ناو ڕێبەرایەتی ئێراندا سەبارەت بە گفتوگۆکان.

لە هەفتەکانی ڕابردوودا، ئەمریکا و ئێران چەند پێشنیارێکیان ئاڵوگۆڕ کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی دووبارەی گەرووی هورمز.

 بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوا پێشنیاری تارانی ڕەتکردۆتەوە و هۆشداری داوە کە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولیی لە مانگی 11، ئەگەری بەرزبوونەوەی هێرشە سەربازییەکان هەیە.