ئۆزەل دژی بەشداریکردنی تورکیا لەجەنگی یەمەن بەتوندی هاتەدەنگ

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1300 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی "پارتی نوێ" کە گەورەترین پارری ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایە، هێرشی کردە سەر بڕیاری ناردنی هێزی سەربازی بۆ عەرەبستانی سعوودی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش لە نێوان تورکیا، عەرەبستان و پاکستان.

ئۆزەل لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پەرلەمانی حیزبەکەیدا ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە تورکیا دەکاتە لایەنێک لە شەڕی یەمەن. ئاماژەی بەوەش کرد ڕێککەوتنامەی بەرگریی هاوبەش لە کاتی ئاشتیدا ئیمزا دەکرێت، بەڵام ئیمزاکردنی لەگەڵ وڵاتێک کە لە شەڕدایە، ڕاستەوخۆ دەتباتە ناو شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە.

سەرۆکی ئەو پارتە ئۆپۆزیسیۆنەی تورکیا ڕەخنەی لە وەگرتنی بڕیارەکە گرت بێ ئەوەی بنێردرێتە پەرلەمان و گوتی: "شەوی ڕابردوو بڕیاری ناردنی سەرباز درا، بەبێ ئەوەی پەسەندکردنی پەرلەمانی لەسەر بێت."

ئۆزەل ئاماژەی بە ماددەی 92ی دەستوور کرد کە پێویستی بە ڕەزامەندیی پەرلەمان هەیە بۆ ناردنی سەرباز بۆ دەرەوەی وڵات و گوتی: "من ڕەتیدەکەمەوە سەربازەکانمان دوای 100 ساڵ بخرێنە ناو سەرکێشییەکانی یەمەنەوە و خزمەتی سەربازی بە فەرمانی ترامپ ئەنجام بدەن."

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنی سێشەممە، ریاز میوانداری کۆبوونەوەی نائاسایی لیژنەی ستراتیژی، سیاسی و بەرگریی ڕێککەوتنامەی مەککەی بۆ بەرگریی هاوبەش کرد کە ئەجێندای کۆبوونەوەکە گرژییەکانی نێوان سعودیە و یەمەن و هێرشەکانی حوسییەکانی لەخۆگرتبوو.

 لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە خێراکردنی جێبەجێکردنی بەڵێنە بەرگرییە بەکۆمەڵەکانی ڕێککەوتنەکە و گرتنەبەری ڕێکار بۆ دابینکردنی توانای سەربازیی و ڕەوانەکردنی بەپەلەی هێزە ڕێککەوتووەکان بۆ سعودیە، بە مەرجی گونجانیان لەگەڵ یاسا نیشتمانییەکانی وڵاتانی بەشدار. 

لە وتارێکدا پاش کۆبوونەوەکە، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کۆبوونەوەکە لەسەر ڕۆشنایی گەشەسەندنی دۆخی نێوان یەمەن و سعودیە بووە، و ئاماژەی بەوەدا ئامادەبووان تاوتوێی هەنگاوە گریمانکراوەکانیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەڕێگەی دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتییانەوە، هاوشانی تاوتوێکردنی ئامڕازەکانی پشتیوانیکردنی بەرگریی سعودیە.