شارپرێس:
ناکۆکییەکانی ناو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەسەر میکانیزمی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا قووڵتر بوونەتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، ڕایگەیاند کە 5 گروپی چەکدار ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر ڕادەستکردنی چەکەکانیان و لەو نێوەندەشدا 3 گرووپیان پڕۆسەکەیان بەکردار ئەنجام داوە.
لە بەرامبەردا، ئەو لایەنانەی پەیوەندیی بەهێزتریان لەگەڵ تاراندا هەیە، جەخت لەسەر دانانی مەرجی زیاتر دەکەنەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئامادەکردنی بودجەی 2027 و تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەت.
ڕاگەیەندراوەکەی زەیدی لە دوای کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی هات کە تێیدا ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی 30ی حوزەیرانی 2027 وەک دوا مۆڵەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی چەکی دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 30ی ئەیلوولدا. سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ گرووپەکانی تردا بەردەوامن.
سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراقی لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کردووە کە ئێستا کێشە سەرەکییەکە لەسەر بڕی ئەو چەکەیە کە ڕادەست دەکرێت، هەروەها خشتەی زەمەنیی هەر لایەنێک و پێگەی ئەو یەکانەی کە بە فەرمی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبین بەڵام بەڕێوەبردن و دارایی سەربەخۆیان هەیە.
هێزەکانی نزیک لە سەرۆک وەزیران گوشار دەکەن بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی کەتیبەکانی حزبوڵڵا، بزوتنەوەی نوجەبا، و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا پێش نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوو، بە مەرجێک هەر تەمویلێکی حکومی ببەسترێتەوە بە پابەندبوونیان بە دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە.
لە لایەکی ترەوە، لایەنەکانی نزیک لە گرووپە چەکدارییەکان داوای مۆڵەتی زیاتر دەکەن و داواکارن بەشێک لە چەکە قورسەکان لە لای یەکە فەرمییەکانی حەشدی شەعبی بمێنێتەوە. کێشەی سەرەکی ڕووی لە مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و کۆگا سەربەخۆکان کردووە. لە کاتێکدا کەتیبەکانی حزبوڵڵا و نوجەبا ڕەتیان کردۆتەوە پابەندی خشتەی حکومی بن، عەسائیبی ئەهلی حەق ئامادەیی زیاتری نیشان داوە و بەپێی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان بەشێک لە چەکەکانی ڕادەست کردووە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ئەمریکی لە وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێری هێزەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا، نوجەبا، سەیدولشوهەدا، و عەسائیب دەکات، بەتایبەت پێوەندیی نێوان سەرکردە سەربازییەکان و ئەو کۆمپانیا و ناوەندە داراییانەی کە بۆ دەستکەوتی ئابووری و دەربازبوون لە سزاکان بەکاریان دەهێنن.
بەپێی سەرچاوەکە، واشنتۆن وردبینی لەوەدا دەکات ئایا پرۆسەی ڕادەستکردنی چەک ڕاستەقینەیە یان تەنیا ڕێککەوتنێکی ڕووکەشە.