محه‌مه‌د سه‌معان پارێزگارى كه‌ركوك له‌كابینه‌كه‌ى زه‌یدیى ده‌بێته‌ وه‌زیر

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2687 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار ئاشكرایكرد، محەمەد سەمعان ئاغا پارێزگاری کەرکوک كاندیده‌ بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەوڵەت لەکابینەی حکومەتەکەی عەلی زەیدیی؛ ده‌شڵێت، "بڕیارە لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتودا دەنگدان لەسەر تەواوکردنی پێکهاتەی وەزاری لەپەرلەمان ئەنجامبدرێت".


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى سەرچاوەیه‌كى ئاگادار ڕایگه‌یاندوه‌، "وەرگرتنی پۆستێکی وەزاری لەلایەن ئاغاوە، دەبێتە پێشهاتێکی سیاسیی بەرچاو؛ چونکە ناوبراو لەیەککاتدا سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقی‌و پارێزگاری ئێستای کەرکوکەو دەبێتە یەکێک لەیەکەمین کەسایەتییەکان کە سەرۆکایەتیی بەرەکەو پۆستێکی وەزاریی فیدراڵی پێکەوە به‌ڕێوه‌به‌رێت".

ئەو سەرچاوەیە ڕونیکردەوە، یەکلاکردنەوەی ئەو وەزارەتەی ئاغا وەریدەگرێت، کە پێشبینیدەکرێت وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری پارێزگاکان بێت، هاوکات لەگەڵ میکانیزمی بەڕێوەبردنی پارێزگای کەرکوک لەئەگەری جێهێشتنی پۆستەکەی، بەتەواوی بەستراونەتەوە بەو وتوێژو لێکتێگەیشتنە سیاسییانەی لەقۆناغی ئێستادا بەڕێوەدەچن.

تائێستا هیچ ڕاگەیاندراوێکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوەی كاندیدبونى پارێزگاری کەرکوک دەرنەچوەو زانیارییە بڵاوکراوەکانیش تا کاتی ئەنجامدانی دەنگدانەکە تەنها لەچوارچێوەی لێکتێگەیشتنی لایەنەکاندان.

محەمەد سەمعان ئاغا لە 16ی نیسانی ڕابردودا پۆستی پارێزگاری کەرکوکی وەرگرت، لەساڵی 2025یشەوە سەرۆکایەتیی بەرەی تورکمانیی عێراقی دەکات، بەمەش بوە یەکەمین کەسایەتیی تورکمان کە لەدوای چەندین دەیەوە پۆستی پارێزگاری کەرکوک وه‌ربگرێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار باسى له‌وه‌كردوه‌، چاوەڕواندەکرێت په‌رله‌مانى عێراق هەفتەی داهاتوو کۆبونەوەیەک بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی وەزاری ئەنجامبدات، هاوکات ئاماژەی بەبەردەوامیی ناکۆکییەکان کردوە لەسەر کاندیدانی وەزارەتەکانی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، لاوان‌و وەرزش، جیا لەوەزارەتەکانی پلاندانان‌و ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن.

لە چوارچێوەی ته‌واوكردنی كابینه‌كه‌دا، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تى نوری مالیکی، بەفەرمی یاسر سەخیلی بۆ وەزارەتی ناوخۆ كاندیدكردوه‌، هاوکات حەیدەر بەها کە لەئێستادا ڕاگری کۆلێژی دەرمانسازییە لەزانکۆی نەهرەین، بۆ وەرگرتنی پۆستى وه‌زیرى خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەستنیشانکراوە.

بەپەلە