زه‌یدیى ناوه‌ڕۆكى ڕاپۆرتێكى شارپرێس پشتڕاستده‌كاته‌وه‌

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ تایبه‌ت:

بڕیاری کتوپڕی حکومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، شڵەژانێکی قورسی دارایی‌و دەرونیی لەناوبازاڕو لەنێو هاوڵاتیان‌و بازرگاناندا دروستکرد؛ پاشئەوەی نرخەکان بازدانێکی توندیان بەخۆوە بینی، چەندین پرسیار سەبارەت بەیاساییبونی ئەم هەنگاوەو هۆکاری تێپەڕاندنی بەو شێوازە بەپەلەیە لەئارادایە، بەدواداچونە قوڵەکانی شارپرێس به‌یانى ئه‌مڕۆ پەردەى لەسەر مەلەفە شاردراوەکانی ناو ماڵی هێزە سیاسییەکان لاداو پاڵنەرە دارایی‌و لایەنە سەرەکییەکانی پشت ئەم بڕیارە ستراتیژییە ئاشکراكرد، كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ریش سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ته‌واوى زانیاریه‌كانى شارپرێس-ى پشتڕاستكرده‌وه‌.

 

عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبەردەم په‌رله‌مانى وڵاته‌كه‌ى وتى، "له‌بەردەم سێ بژاردە بوین یەکەمیان پەنابردنە بەر پاشەکەوتی ناچاریی‌و جێهێشتنی فەرمانبەران بەبەڵێنەکانەوە بژین، دوەم دابەشکردنی موچە لەهەر 45 ڕۆژ جارێک‌و سێیەمیش، قەرزکردن‌و خنکاندنی وڵاتەکە بوو لەقەرزدا، وڵاتێک کە لەئێستادا بارگرانییەکی زۆری لەسەرە بەقەرز".

ئه‌م په‌یامه‌ى زه‌یدیى له‌كاتێكدایه‌ به‌یانى ئه‌مڕۆ شارپرێس له‌زارى سه‌رچاوه‌ى تایبه‌ته‌وه‌ له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، ئەم پێشهاتە خێرایە ڕوبەڕوی ڕەخنەی توندی چاودێران‌و شارەزایانی ئابوریی بوەته‌وە؛ چونکە به‌گوێره‌ى یاساو دەستوری عێراق، دەستکاریکردنی بەهای دراو تەنها لەدەسەڵاتی کەرتی پسپۆڕیی بانکی ناوەندیی عێراقدایە کە پێویستی بەلێکۆڵینەوەی قوڵی چەندین مانگی هەیە نەک بڕیارێکی سەرپێی لەکۆبونەوەیەکی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیراندا.

بێدەنگیی پارێزگاری ئێستای بانکی ناوەندیی‌و ئەندامانی ئەنجومەنی بانکەکە بەرامبەر بەم پێشێلکارییە، دەیسەلمێنێت کە ڕێککەوتنێکی سیاسیی پێشوەختە لەسەرەوەی دەسەڵاتی ئەوان کراوە بۆ تێپەڕاندنی بابەتەکەو ناڕەزایەتییەکانی ئێستای بەشێک لەپەرلەمانتارانیش، تەنها بۆ خۆنواندنی میدیاییە.

زانیارییەکانی شارپرێس ئاشکرایدەکەن، ماوەی چەند مانگێکە سەرکردەی هێزە شیعییەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییە قورسەی لەبەردەم حکومەتەکەی عەلی زەیدیدایە، خەریکی لێکۆڵینەوەبون لەسەر دوو بژاردەی یەکجار سەخت، یەکەمیان گۆڕینی خولی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران لە 30 ڕۆژەوە بۆ 45 ڕۆژ (واتە موچە ببێتە یەک مانگ‌و نیو جارێک)، وەزارەتی دارایی‌و خودی زەیدیی لەترسی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی بەرفراوان، مانگرتن‌و تێکچونی باری ئەمنی، ئەم هەنگاوەیان وەلانا، دوەمیش بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بوو کە لەلایەن لایەنە داراییەکانی نزیک لەسەرۆک وەزیرانەوە پێشنیازکرا، چونکە بەبێ دەستبردن بۆ موچەی ڕاستەوخۆی فەرمانبەران، هەمان بڕی داهات بۆ خەزێنەی حکومەت دەگێڕێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ شارپرێس پشتڕاستیکردەوە، ئەم پێشنیازە لەسەرەتادا لەلایەن عەلی عەلاق پارێزگاری پێشوی بانکی ناوەندییەوە بەتوندی ڕەتکرابوەوە، هەر ئەم دژایەتییە توندە یاسایی‌و دەستورییەش بوە هۆی ئەوەی حکومەت ناوبراو لەپۆستەکەی ببەخشێت‌و دوری بخاتەوە، تاوەکو ئەو بەربەستە یاساییانەی لەبەردەم پرۆسەی گۆڕینی بەهای دراوەکەدا هه‌بون بەتەواوی نەمێنن.

شارپرێس ئه‌وه‌شى زانیوه‌، دواتر عەلی زەیدیی دۆسیەی ئەم گۆڕانکارییەی خستە ناو دانوستانەکانی لەگەڵ سەرکردە شیعییەکان‌و پێیڕاگەیاندن، بۆ ڕزگارکردنی کابینەکەی لەخنکان، دەبێت یان موچە بکرێتە 45 ڕۆژ یان بەهای دۆلار بەرزبکرێتەوە؛ لەکۆتاییدا هەموان کۆکبون لەسەر بژاردەی دوەم تا داهاتی حکومەت زیادبکەن، بەبێئەوەی کاتی دابەشکردنی موچە بگۆڕن، سەره‌ڕای ئەو لێکەوتە گرنگانەی کە ئێستا لەناو بازاڕی عێراقدا ڕودەدەن.