وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی دەنگۆی بونی هێزی ئۆکرانی لەهەرێم ڕونکردنەوە دەدات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 345 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رەتیدەکاتەوە هیچ درۆن و هێزێکی سەربازی ئۆکرانی لە هەرێمی کوردستان هەبێت و دەڵێت، ئەم بانگەشانە لە بنەڕەتدا ناڕاست و بێ‌بنەمان.


وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا رایدەگەیەنێت،" سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و هەواڵانە ڕەت دەکەینەوە کە لە ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بڵاوکراونەتەوە، سەبارەت بە بوونی درۆن یان هێز و یەکەی سەربازیی ئۆکراینی لە خاکی هەرێمدا، و بە تەواوی دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم بانگەشانە لە بنەڕەتدا ناڕاست و بێ‌بنەمان ".

ئەوەشیخستەڕوو،" لەم سۆنگەیەوە، جەخت لەسەر هەڵوێستی بنەڕەتی و نەگۆڕی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی بێلایەنی، خۆبەدوورگرتن لە ناکۆکییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، و ڕەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی خاکی هەرێم وەک پێگەیەک بۆ هەر جۆرە جووڵەیەکی سەربازی یان دوژمنکارانە دژ بە هەر وڵاتێک ".

وەزارەتی ناوخۆ وتیشی،" لە کۆتاییدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم لە پێشینەی کارەکانمانە، و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تێوەگلان یان پەلکێشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئەو ململانێیانە نادرێت ".