شارپرێس:
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی، پێنتاگۆن و کۆمپانیای "لۆکهید مارتن"، دوێنێ پێنجشەممە ڕێککەوتنێکی 10 ساڵەیان واژۆ کردووە کە ئامانجی بەرهەمهێنانی 850 فڕۆکەی جەنگیی جۆری "F-35".
ئەم ڕێککەوتنە هێشتا پێویستی بە ڕەزامەندیی کۆنگرێسی ئەمریکا و دابینکردنی بودجەی پێویست هەیە. پێنتاگۆن دەڵێت، ڕێککەوتنەکە یارمەتیی نوێکردنەوە و فراوانکردنی بەرنامەی فڕۆکەی جەنگیی "F-35 لایتنینگ 2" دەدات.
فڕۆکەی "F-35"، کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ژمارەیەک لە هاوپەیمانەکانییەتی، یەکێکە لە پێشکەوتووترین فڕۆکە جەنگییەکانی جیهان. بەگوێرەی لۆکهید مارتن، زیاتر لە 1375 فڕۆکەی ئەم جۆرە لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا بەکاردەهێنرێن.
کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێککەوتنەکە پەسەند بکرێت، بەرنامەیەکی جێگیرتر لە ڕووی تێچوو و خەرجییەوە بۆ واشنتۆن دابین دەکات و بەهۆی خەمڵاندنی درێژخایەن و داشکاندنی کڕینی بڕی زۆر، چاوەڕوانی پاشەکەوتکردنی ملیاردەها دۆلار دەکرێت.
لە بەرانبەردا، کۆمپانیاکە 7 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەکانی پشتگیری فڕۆکەکان تەرخان دەکات، لە بەرانبەر بەڵێنی پێنتاگۆن بۆ ماوەی 10 ساڵ.
لۆکهید مارتن بەڵێنی داوە ساڵانە 156 فڕۆکەی جەنگی بەرهەم بهێنێت.