نێوەندگیرەکان هۆشداریی بەئێران دەدەن: لەوانەیە ترەمپ لەدوای هەڵبژاردنە نیوەییەکان چیتر بەدوای ڕێککەوتنەوە نەبێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 124 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگویرەی کەناڵی i24NEWSی عیبری کە پشتی بە سەرچاوەی ئاگادار بەستووە،  نێوەندگیرەکان هۆشدارییان بە ئێران داوە کە پێویستە بە جیددی مامەڵە لەگەڵ گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بکات، چونکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەوانەیە دوای هەڵبژاردنە نیوەییەکان ئەمریکا چیتر گرنگی بە گەیشتن بە ڕێککەوتن نەدات و ئێران ڕووبەڕووی هێرشێکی نوێ ببێتەوە. 

سەرچاوەکە گوتویەتی، ئەگەر ئێران بە زوویی ڕێککەوتنەکە قبووڵ نەکات، ترەمپ لەوانەیە بڕیار بدات گەمارۆکەکە بەردەوام بکات یان قووڵتری بکات، یان هێرشێکی نوێ بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئەنجام بدات.

بەپێی زانیارییەکان، پەیامی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕۆژانە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێت. ئەم پەیامانە پەیوەندییان بە دوا پێشنیاری نێوەندگیرە قەتەری و پاکستانییەکانەوە هەیە کە ئەم هەفتەیە پێشکەشی هەردوو لایەن کراوە.

نێوەندگیرەکان ئێستا چاوەڕێی وەڵامی ئێرانن، چونکە بەرپرسانی ئێرانی پێویستە پێشنیارەکە بۆ باڵاترین ئاستەکانی ڕابەرایەتیی بەرز بکەنەوە، ئەمەش کاتی دەوێت.

سەرچاوەکە ڕوونی کردۆتەوە کە پێشنیارە نوێیەکە لە یدداشتی تێگەیشتنی ئیسلامئاباد نزیکە، بەڵام لە هەندێک بابەتدا وردترە. پێشنیارەکە جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغ پەیڕەو دەکات، لەبری ئەوەی هەموو بابەتەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە، هەروەک لە مۆدێلی ڕێککەوتنی غەززەدا بینراوە.

بەپێی قۆناغی یەکەمی پێشنیارەکە، کە حەوت ڕۆژ دەخایەنێت، گەرووی هورمز دەکرێتەوە و گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران کۆتایی پێدێت، دوای ئەوە گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانی دیکە دەست پێدەکات.

سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە کە ڕێژەی ڕێککەوتنی هەردوو لایەن لە نێوان 70% تا 80%دایە، بەڵام هێشتا ناکۆکیی لەسەر چۆنیەتی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران و کەمکردنەوەی پاشەکەوتی یۆرانیۆمی بەرزئاستی بەردەوامە.

بەپێی سەرچاوەکە، گەورەترین بەربەست بێ‌متمانەیی قووڵی نێوان هەردوو لایەنە و نێوەندگیرەکان هەوڵ دەدەن متمانە دروست بکەنەوە. سەرچاوەکە هەروەک بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئێران یەکەم لایەن بوو یاداشتی ئیسلامئابادی پێشێل کرد و پێشێلکارییەکانی ئێران زۆر لە پێشێلکارییە ئەمریکییەکان زیاتر بوون.

بەوتەی میدیا ئیسرائیلییەکە، بەرپرسانی ئەمنیی ئیمارات لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێران کۆدەبنەوە بۆ هاندانیان بە قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا، ئەم پەیوەندییە ناڕاستەوخۆیەش بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی تەحنوون بن زاید، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات، لەگەڵ سوپای پاسدارانەوە بەردەوامە.