پاکستان دەروازە سنورییەکانی بەڕوی ئێراندا داخست‌و نرخى خۆراك له‌تاران 128% به‌رزبوه‌ته‌وه‌

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1893 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی پاکستان لەهەنگاوێکی کتوپڕداو لەچوارچێوەی پابەندبونی بەسزاکانی ئەمریکا، یەکەم ڕێکاری توندی دژ بەکۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێکردو دەروازە سنورییەکانی بەڕوی بارهەڵگرە ئێرانییەکاندا داخست؛ ئەم گەمارۆ وشکانییە خێرایە شۆکێکی قورسی دارایی لەناوخۆی ئێراندا دروستکردوەو بوەتە هۆی بازدانی پێوانەیی نرخی خۆراک‌و شمەک بەڕێژەی 128٪ کە بەهۆیەوە بازاڕەکانی تاران ڕوبەڕوی قەیرانێکی نالەباری کەمبونەوەی کاڵا سەرەکییەکان بونەتەوە.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) فشارە توندەکانی واشنتۆن دەرەنجامی ڕاستەوخۆیان لەسەر بازرگانیی دەرەکیی ئێران داناوەو ئیسلام ئاباد بەتەواوی ڕێگەی لەتێپەڕبونی ئەو بارهەڵگرانە گرتوە کە لەخاکی ئێرانەوە بەرەو ناوخۆی پاکستان دەچون، بەمەش هاتوچۆی بازرگانی لەدوو دەروازەی سنوریی سەرەکیی نێوانیان بەتەواوی ڕاگیراوە.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لەزاری بەرپرسێکی فەرمیی ئێرانییەوە ئاشکرایکردوە، سزاکان تەنها سنوری پاکستانیان دانەخستوە، بەڵکو بونەتە هۆی جێگیربونی قەیرانێکی گەورەی لۆجستی؛ بەشێوەیەک کە لەئێستادا نزیکەی 17 هه‌زار بارهەڵگری بازرگانیی لەسەر سنورە هاوبەشەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی (تورکیا، ئەفغانستان‌و ئازەربایجان) گیریانخواردوەو بەهۆی ڕێکارە توندە ئەمنیی‌و داراییەکانەوە ناتوانن کاڵاکانیان بگوازنەوە.

ڕاپۆرتەکە تیشکدەخاتەسەر ئەوەی، کاریگەریی سه‌رنجى فشارە ئابورییەکانی ئەمریکا تەنها لەسەر کەرتی بازرگانیی دەرەکی‌و هەناردەکردن نەمێناوەتەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ ژیانی هاوڵاتیانی لەناوخۆی ئێراندا پەکخستوە؛ به‌گوێره‌ى داتا بڵاوکراوەکان، نرخی خۆراک لەناو بازاڕەکانی ئێراندا بەڕێژەی یەکجار بەرزی 128٪ بەرزبوەتەوە، هەرچەندە لەزانیارییەکانی ڕۆژنامەکەدا کاتی وردی تۆمارکردنی ئەم بەرزبونەوە پێوانەییە دیارینەکراوەو ڕون نییە کە ئایا ئەم گرانبونە سەرجەم جۆرەکانی خۆراک دەگرێتەوە یان تەنها تایبەتە بەسەبەتەیەکی دیاریکراوی پێداویستییە سەرەکییەکان.

داخستنی دەروازەکان لەلایەن پاکستانەوە بارگرانیى‌و زیانێكى زۆرى بەبازرگانیی وشکانیی ئێران گەیاندوە کە پێشتر وەک دەرچەیەک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گەمارۆ دەریاییەکان بەکاردەهات، بەرپرسانی ئیسلامئابادیش جەختدەکەنەوە، ناتوانن چاوپۆشی لەسزاکانی ئەمریکا بکەن، ئەمەش تاران دەخاتە بەردەم داڕمانی زیاتری بەهای تومەن‌و دروستبونی قەیرانی کەمیی کاڵا بنەڕەتییەکان لەناوخۆدا.

پاکستان بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە دەروازە سنورییەکانی بەڕوی ئێراندا داخست‌و نرخی خۆراک لەناوخۆی وڵاتەکەدا ئێران 128٪ بەرزبوەوە