شارپرێس:
وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، دامەزراندنی وەزارەتی ئابوریی دیجیتاڵی بوەتە هۆی دواکەوتنی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، دامەزراندنی وەزارەتی ئابوریی دیجیتاڵی بوەتە هۆی دواکەوتنی پەسندکردنی بودجەی گشتیی فیدراڵیی ساڵی 2027، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران بەمزوانەو دوای تەواوکردنی رێکارە پەیوەندیدارەکان بەپێکهاتەی وەزاریی نوێوە، بودجەکە پەسند دەکات".
لەبارەی دۆسیەی گرێبەست و کارمەندانی ڕۆژانەوە وەزیری دارایی عێراق باسی لەوە کرد، حکومەت بەرەو سفرکردنەوەی ئەو دۆسیەیە هەنگاو دەنێت لەرێگەی بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان و کارمەندانی ڕۆژانە لەسەر میلاکی هەمیشەیی، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ چارەسەرکردنی دۆخی وەزیفییان و بەهێزکردنی سەقامگیری لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
فالح ساری ڕونیشیکردەوە، رێکارەکانی بەهەمیشەییکردن هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتی پێشوو بۆ گرێبەستەکان و کارمەندانی ڕۆژانە لەخۆدەگرێت، بە شێوەیەک کە دانپێدانان بە ماوەی خزمەتەکانیاندا لەچوارچێوەی رێکارە پەسندکراوەکاندا گەرەنتی بکات.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵی جیدیی حکومەت لەئارادایە بۆ کۆنترۆڵکردنی خەرجیی گشتی و بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی و وەزیفی لەدامەزراوەکانی دەوڵەتدا، هاوکات لەگەڵ کارکردن بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکانی پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2027.
ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیار بوو ڕۆژی شەممە، 14ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجە 217 تریلیۆن دینارییەکەی 2027 تاوتوێ بکات، بەڵام تاوتوێکردنەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
