بەبردنەوەی کورسییەکەی ئالاسکا؛ دیموکراتەکان زۆرینەی خۆیان لەئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا گەیاندە 56 کورسی

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2290 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای دوو هەفتە لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردنە نیوەییەکانی ئەمریکا، ئەنجامی دوایین کورسیی ئەنجومەنی پیران لەویلایەتی ئالاسکا لەبەرژەوەندیی پارتی دیموکرات یەکلابوەوەو ماری پێڵتۆلا توانی سیناتۆری کۆماری دان سولیڤان ببەزێنێت؛ بەمەش دیموکراتەکان بە56 کورسی لەبەرامبەر 44 کورسیی کۆمارییەکاندا کۆنترۆڵی ئەنجومەنەکەیان قایمتر کرد.


به‌گوێره‌ى پێشبینییە یەکلاکەرەوەکانی هەردوو تۆڕی هەواڵی (سی بی ئێس نیوزو ئێن بی سی نیوز)ی ئەمریکی، (ماری پێڵتۆلا)ی کاندیدی دیموکراتەکان سەرکەوتنی بەسەر (دان سولیڤان)ی سیناتۆری کۆماریدا بەدەستهێناوە لەکێبڕکێیەکی توندی هەڵبژاردندا لەویلایەتی ئالاسکا.

ئەم سەرکەوتنە کە دوو هەفتە دوای هەڵبژاردنە نیوەییەکان ڕاگەیەندرا، بەمانای یەکلابونەوەی ئەنجامی سەرجەم کورسییەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دێت.

بڕیارە لەمانگی کانونی دوەمی داهاتوەوە، دیموکراتەکان ببنە خاوەنی 56 کورسی لەکۆی 100 کورسییەکەی ئەنجومەنی پیران (ژوری سەرەوەی کۆنگرێس)، لەبەرامبەر تەنها 44 کورسی بۆ پارتی کۆماری.

ماری پێڵتۆلا کە لەدایکبوی ویلایەتی ئالاسکایە، پێشتر تاساڵی 2025 نوێنەرایەتیی ویلایەتەکەی دەکرد لەئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاو ببوە یەکەمین ژنی دانیشتوانی ڕەسەنی ئالاسکا کە بۆ کۆنگرێس هەڵبژێردرێت؛ ئێستاش دەبێتە یەکەمین کەسایەتیی دانیشتوانی ڕەسەنی ئالاسکا کە کورسییەکی ئەنجومەنی پیران لەو ویلایەتەدا بباتەوە.

کێبڕکێی هەڵبژاردن لەئالاسکا مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە بەهۆی بونی دوو کاندید کە ناوەکانیان زۆر لەیەک دەچون، ئەوانیش سیناتۆری ئێستا (دان ئێس. سولیڤان)و کەسایەتیی نوێی ناو سیاسەت (دان جەی. سولیڤان) بون.

کۆمارییەکان، دیموکراتەکانیان تۆمەتبارکرد بەوەی کە کاندیدی دوەمی سولیڤانیان هێناوەتە پێشەوە بەمەبەستی سەرلێشێواندنی دەنگدەران‌و لاوازکردنی چانسی دەرچونی سیناتۆرە کۆمارییەکە؛ هەر لەسەر ئەم بابەتەش ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سکاڵای یاسایی تۆمارکرد، بەڵام دادوەرێکی فیدراڵی کەمێک پێش هەڵبژاردنەکان سکاڵاکەی ڕەتکردەوە.

ویلایەتی ئالاسکا دەکەوێتە ئەوپەڕی باکوری ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکاو کەمترین چڕیی دانیشتوانی هەیە، بەجۆرێک ژمارەی دانیشتوانەکەی لە 800 هەزار کەس کەمترە.