داوا دەکرێت هەموو مامەڵە دارایی و بازرگانییەکان بە دینار بکرێن

کوردستان

37 خولەک پێش ئێستا‌ 140 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق داوا لە بانکی ناوەندی دەکات سەرجەم مامەڵە دارایی و بازرگانییەکان، لەوانە کڕین و فرۆشتن و بەستنی گرێبەستەکان، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تەنها بە دیناری عێراقی ئەنجام بدرێن، ئەمەش لەپێناو جێگیرکردنی بازاڕ و ڕێکخستنەوەی مامەڵە بازرگانییەکان.


بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لە دیدارێکماندا لەگەڵ نزار ناسڕ حسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بە نوسراوێکی فەرمی داوامان کرد هەموو مامەڵە دارایی و بازرگانییەکان، لەوانە کڕین و فرۆشتن و بەستنی گرێبەستەکان، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تەنها بە دیناری عێراقی ئەنجام بدرێن ".

ئەوەشیخستەڕوو،" ئامانجمان لەم داواکارییە جێگیرکردنی بازاڕ، ڕێکخستنەوەی مامەڵە بازرگانییەکان و ڕوبەڕوبونەوەی هەڵاوسان و بەرزبونەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانە ".

بڕیار رەشید باسی لەوەشکرد،" هەروەها داوامان کرد لێپرسینەوە لەو کەسانە و لایەنە حکومی و ئەهلییانە بکرێت کە پابەندی ئەم ڕێنماییە نابن، و سزای دیاریکراو بەرامبەریان جێبەجێ بکرێت ".
وتیشی،" پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقیش پێشنیارەکەمانی بە گرنگ زانی و بەڵێنی دا کار لەسەر ئەم بابەتە بکرێت ".

بەپێی راگەیەنراوەکە، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزاریی گۆڕینەوەی دیناری عێراقی بۆ دۆلار کراوە، بۆ ئەوەی گەشتیاران لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر بتوانن بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق دۆلار وەربگرن.

دەشڵێت،" لە خولی پێشوو پەرلەماندا ئەم خزمەتگوزارییەمان جێبەجێ کرد و لەم خولەشدا لە مانگی ئابەوە داوای دەستپێکردنەوەیمان کردوە ".