شارپرێس:
شاندی ئیمڕاڵی دەم پارتی لەڕاگەیەندراوێكدا ناوەرۆكی كۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لەڕۆژی یەك شەممە ئاشكراكرد.
لەڕاگەیەندراوەكەی دەم پارتیدا هاتووە"لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا وەك شاندی ئیمراڵی، لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی دیدارێكمان ئەنجام دا. وەك چۆن مانگی ڕابردوو بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەندرا، بینیمان كە بەڕێز ئۆجالان ڕۆشتووەتە شوێنە نوێیەكەی كە لە ناو زینداندا دروست كراوە. ڕوونە كە ئەمە بۆ هەلومەرجی ژیان و كاركردن دۆخێكی ئەرێنییە. ئەوەی ئێستا دەبێت بكرێت، ڕەخساندنی ئەو دەرفەتانەی پەیوەندیكردنە تا بەڕێز ئۆجالان بتوانێت ئەو كارە گەورەیەی ماوەی دوو ساڵە لە پێناو ئاشتی و هاوپشتی مێژوویی تورك و كورددا دەیكات، بە شێوەیەكی یەكانگیر خودی خۆی بە میدیا و ڕای گشتیی ڕایبگەیەنێت. لە ئاستی ئێستای پڕۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیكدا، ئەو دەستانەی لە چوارچێوەی یاسای چوارچێوەدا دیاری كراون دەبێت بتوانن كار بكەن و زەمینەی یاسایی بونیاد بنرێت".
شاندەكەی دەم پارتی ناوەرۆكی پەیامەكانی ئۆجالانی خستوەتەڕوو كە ڕایگەیاندووە، "ئێمە لە قۆناغێكداین كە لایەنە پراكتیكییەكەی بەهێزە و لە مێژووی كۆماردا دەتوانێت ببێتە خاڵێكی وەرچەرخان. بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە دەربازی سەردەمێكی نوێ ببێت، پێویستیی هەم بە قووڵبوونەوە و كارێكی فرەلایەن و هەم بە وریابوون هەیە لە بەرامبەر مەترسییەكاندا".
ڕاشیگەیاندووە "لە توركیا نابێت سیاسەت لە هاوكێشەی گوشار، ئاژاوەگێڕی و ناڕەزایەتیدا قەتیس بكرێت. ئەگەر ئەم هاوكێشەیە گۆڕەپانی سیاسی لە توركیا بلۆك بكات، وەك چۆن لە مێژووی كۆماردا بینرا، ڕەنگە زەمینەیەكی وا بونیاد بنرێت كە دینامیكەكانی دەرەوەی دیموكراسی لەسەری بجوڵێنەوە. ئامانجی سەرەكیی ئەم پێكهاتانە هەمیشە هێزەكانی دیموكراسی و ئاشتی، بە تایبەتی كوردە، و لە چوارچێوەی ئەم ئامانجەشدا خواستی تێكشكاندنی گۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتییە".
ئۆجالان دەشڵێت "من پرسی كورد وەك پرسێكی دیموكراسی هەڵدەسەنگێنم. هەوڵێكی مێژوویی بۆ چارەسەركردنی پرسێكی لەم شێوەیە بە سوودی هەموو گرووپێكی كۆمەڵایەتی و سیاسییە لە توركیا؛ لە هەمان كاتدا دژی كارە كودەتاچییەكان و عەقڵییەتە ڕەگەزپەرستەكانە. سیاسەتی دیموكراتیك لەسەر پەیوەندی و ڕووداوە ڕۆژانەییەكان بەڕێوە ناچێت؛ پێویستیی بە بەرنامەیەكی یەكگرتووی پێوەرەكان هەیە كە لەسەر بنەما و پێوەرەكان لێك نزیك ببنەوە. دەبێت گۆڕەپانی سیاسەت بتوانێت هونەری بەرهەمهێنانی دیموكراسی نیشان بدات".
ڕونیشیكردەوە "دادپەروەری، یاسا و دیموكراسی خواستی تەواوی گەلانی توركیایە، نەك تەنها هی كورد. بەشداربوونی كوردیش لە ناو كۆماردا لەسەر زەمینەیەكی دیموكراتیكی ئارام و گەرەنتیكراو دەتوانێت بێتە دی. كۆمارێكی لەم شێوەیەش بە داننان بە هەموو ناسنامەكاندا دەتوانێت بخوڵقێت.".
ئاماژەی بەوەشكرد "بونیادنانی كۆمەڵگەی دیموكراتیك نەك تەنها بۆ كورد، بەڵكو لە هەمان كاتدا بۆ هەموو گەل و باوەڕەكانی توركیا گەرەنتیی داهاتوویەكی یەكسان و ئازادە. وەك هەموو بابەتێك، نزیكبوونەوەشمان لە بابەتی باوەڕەكان لەسەر ئەم بنەمایەیە. ئێمە ئەو بەكۆمەڵگەبوونە دەكەینە بنەما بۆ خۆمان كە بە شێوەیەكی ئازاد بە كولتووری خۆی دەژی، دەتوانێت هەموو مافەكانی خۆی بە شێوەیەكی ئارام بەكار بهێنێت و هەموو ئەمانەش دەگەیەنێتە بەدامەزراوەییبوون و بنەما دیموكراتیكەكان".
